ئومێد خۆشناو پەیامێک ئاڕاستەی سودانی دەکات

ئومێد خۆشناو بۆ سوودانی: چ ڕەوایە لە ٢٤ کاتژمێردا ٢٩ درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر بکرێت؟

 پارێزگاری هەولێر بە توندی وەڵامی ڕاگەیەندراوی “بەرەی مقاوەمەی عێراقی” دەداتەوە و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات سنوورێک بۆ هێرشەکان و ئەو گرووپە چەکدارانە دابنێت کە هەولێر دەکەنە ئامانج.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر دانپێدانانی گرووپە چەکدارەکان بە ئاراستەکردنی ٢٩ درۆن و مووشەک بۆ سەر هەولێر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ڕایگەیاند”زۆر سەیرە ئەو گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووانە کە خۆیان بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق دەزانن، دەیانەوێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە هێرشەکانی سەر ئێران، هێرش بکەنە سەر هەولێر.”

خۆشناو داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد کە “بەرچاوڕوونیی زیاتری هەبێت” و بە زوویی بێتە سەر خەت، چونکە ئەو گرووپانە بە فەرمی دانیان بە هێرشەکاندا ناوە.

وتیشی، ئەمە جاری یەکەم نییە و جگە لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، بەتایبەت کە ئەو گرووپانە لە سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ بە فراوانی بڵاوکراونەتەوە.

پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە کە هەولێر هێڵی ئاشتی و تەبایی هەڵبژاردووە و بەشێک نییە لە ململانێ ناوچەییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵێک هەیە بۆ ڕاکێشانی هەرێمی کوردستان بۆ ناو شەڕێک کە ویستی لەسەر نییە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئومێد خۆشناو هۆشداری دا و وتی: “دەبێت هەرچی زووە ئەو هەڕەشانە ڕابگیرێن، دەنا وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، چیتر لە بەرامبەر دەستدرێژی بەردەوامدا بێدەنگ نابین.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە