ڕۆژنامەی تورکیا: ئیسرائیل دەوڵەتێک بۆ کورد دروست دەکات  

ڕۆژنامەی “تورکیا” کە بە نزیک لە حکومەتی تورکیا دادەنرێت، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئیسرائیل پلانی هەیە دەوڵەتێک بۆ کورد لە ئێراندا دروست بکات، بەڵام ئامانجی سەرەکی بریتییە لەوەی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەکەکەوە ببەستێتەوە.

ڕۆژنامەکە بە مانشێتی گەورە لە لاپەڕەی یەکەمیدا نووسیوێتی: هاوشێوەی مەهاباد، ئیسرائیل پلانی هەیە لە ئێراندا دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات.

ڕۆژنامەکە هاوشێوەی میدیای دیکەی تورکیا، کۆمەڵێک زانیاری ناڕاست و داتاشراوی دەربارەی جموجوڵی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەیەوێت سەرجەمیان لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک” لەبۆتە بدات، بۆ ئەوەی وەک “تیرۆر” پێناسەیان بکات.

هاوکات بۆ وروژاندنی کێشەی نەتەوەیی لە نێوان کوردی ڕۆژهەڵات و ئازەرییەکانی ئێراندا، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کورد دەیەوێت دەست بەسەر ناوچە ئازەرییەکاندا بگرێت کە بەشێک لەو شوێنانەش کە ناوی هێناون سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن نەک، ئازەرنشین.

ڕۆژنامەکە لە چوارچێوەی بڵاوکردەنەوەی زانیاری ناڕاستدا نەخشەیەکی سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و ئازەرییەکان لە ناو ئێراندا بڵاوکردووەتەوە کە بەمەبەست پێکهاتەی ئازەرییەکانی زیاد لەڕادەبەدەر فراوان نیشانداوە بە تایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

هەر لە نەخشەکەدا دان بەو ڕاستییەشدا نراوە کە بەلوچەکان کوردن کە لە ناوچەکانی سنووری پاکستان نیشتەجێن و لەگەڵ ئاماژەدان بە کوردانی خۆراسان و ژمارەیەکی زۆر کوردی دیکەش کە لە ناوەڕاستی ئێراندا دەژین.

ئامانجی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە تورکییەکە بەستنەوەی دۆزی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دۆسیەی پەکەکەوە کە تورکیا و ئەمریکا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی پۆلێنیان کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕاوێژی لەگەڵ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حزبی دیموکرات کردووە کە ئەویش یەکێکە لەو حزبانەی بەمدواییە لەگەڵ چوار حزبی دیکەی ڕۆژهەڵاتدا هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا.

ڕۆژنامە تورکییەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە پژاک ڕێبەرایەتی ئەو هاوپەیمانییە دەکات کە ئەوەش دوورە لە راستییەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ئەگەری پێکهاتنی قەوارەکەی کورددا، مەترسی لەسەر تورک دروست دەبێت.

میدیای تورکیا لەگەڵ هەر بەرەوپێشچوونێکی دۆزی کورد و هاتنە پێشەوەی هەر دەرفەتێک بۆ کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، دەست دەکات بە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست دەربارەی مەترسی کورد لە ناوچەکەدا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە