بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، حەشدی شەعبی بارەگا سەرەکییەکانی خۆی لە نزیک سنووری عێراق و سووریا چۆڵ کرد، ئەویش دوای ئەوەی دوێنی شەو چەند پێگەیەکیان بۆردومان کرا و بەهۆیەوە دوو چەکداریان کوژران.
ماڵپەڕی “نۆرس پرێس”ی ڕۆژئاوای کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە حەشدی شەعبی تەواوی بارەگا سەرەکییەکانی خۆی لە سنووری کارگێڕیی شارۆچکەی قائم چۆڵ کردووە و تەنها چەند خاڵێکی پاسەوانیی هێشتووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاشەکشێکردنەکە دوای چەندین هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە ئەمریکییەکان هاتووە، ئەوەش لە پاش ئەو گرژی و بۆردومانە بەرانبەرانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت.
هەروەها ڕایگەیاند حەشدی شەعبی لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە نزیکەی هەشت هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر، کە دوایینیان شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بووە و بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو سەنتەری شارەکان و بە شێوەی گرووپی بچووک جێگیر بوون، ئەوەش لە ترسی دووبارە کردنە ئامانجیان.
