“چاودێری بازاڕ دەکەین و ڕێوشوێن بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرینەبەر”

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کۆبووەوە و لیژنه‌کانی قائیمقامیه‌ت و چاودێری بازرگانی ڕاسپێردران بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران و بە دواداچوون بۆ دۆخی کۆگا و شوێنەگشتیەکان و پێداویستیەکانی هاووڵاتییان.

ئەمرۆ یەکشەممە، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی و بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی ڕێکارەکان و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان لەدیوانی پارێزگا، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە جێگری پارێزگار، قائیمقامی ناوەندی، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، بەرگری شارستانی، سەرۆکی لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی و نوێنەری دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئاسایشی بازگەکان و بەڕێوەبەرانی کاروباری ناوخۆ و قەیرانەکانی پارێزگا و چاودێری بازرگانی ئامادەی بوون.

پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا جەختی له‌ په‌ره‌پێدان و کارکردنى پێکه‌وه‌یی و هەماهەنگى و هاوکارى نێوان قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگاى خێرخوازى بارزانى و لقی هەولێری مانگی سووری عێراقی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر و گرنگی هەماهەنگیانی لەگەڵ بەرگری شارستانی و دەزگاکانی تر بە پێویست زانی.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لیژنه‌کانی قائیمقامیه‌ت و چاودێری بازرگانی ڕاسپارد بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران و بە دواداچوون بۆ دۆخی کۆگا و شوێنەگشتیەکان و پێداویستیەکانی هاووڵاتییان و تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیداریی و هێزە ئەمنیەکان کردەوە بۆ هاریکاریکردنى یەکتر و بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان و پتەوکردنى هەماهەنگی نێوانیان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە