نیشتەجێبووانی بەرزاییەکان خۆیان بۆ بەفر ئامادە دەکەن؛ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە
زەکەریا کانی پاشایی، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، لە سبەی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی شوبات، شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و بەفر زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە لە هەندێک شوێن بە لێزمە دەبێت و لە بەرزاییەکانیش پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن.
ئاماژەی بەوەشداوە، شەپۆلەکە بە شێوەیەکی گشتی زۆریی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە، ئاستی بارانبارین لە نێوان مامناوەند بۆ بەخوڕ دەبێت و لەگەڵیدا ئەگەری ڕوودانی هەورەبرووسکە هەیە. هەرچەندە لە هەندێک ناوچە بارانەکە زۆر باش دەبێت، بەڵام لە چەند ناوچەیەکی دیکە بە لاوازی و تەنها بە شێوەی نمەباران دەمێنێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەسناسە، لە سبەی ئێوارەوە، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، بەفربارین ئەم ناوچانە دەگرێتەوە، (پێنجوێن، حاجی ئۆمەران، تەوێڵە و بیارە)، هاوکات ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجە و بەرزاییەکانی سلێمانی ئەگەری بارینی وردەبەفریان هەیە، لەهەمانکاتدا تەواوی ئەو شوێنانەی ١٠٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن، بەتایبەت ناوچەکانی (باتیفا، سۆران و کانی ماسی) بەفریان لێ دەبارێت.
ئەم شەپۆلی باران و بەفرە زۆر ناخایەنێت و لە ڕۆژی ٢٨ی مانگدا، جارێکی دیکە شەپۆلێکی خۆڵبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
