حکومەتی عێراق ڕێکارە یاسایی و دیپلۆماسییەکانی توندتر کردووەتەوە بەرامبەر بە دیاردەی دامەزراندنی هاووڵاتییانی عێراقی لە ناو سوپای ڕووسیادا. ڕاوێژکاری ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند، عێراق بە فەرمی کار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە دەکات کە بە “فێڵ” براونەتە ناو جەنگی ئۆکرانیا.
سەعید جیاشی، ڕاوێژکاری ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی و ئەندامی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی دامەزراندنی عێراقییەکان لە سوپای ڕووسیا، ئاشکرای کرد کە تا ئێستا ١٧ کەس دەستگیرکراون کە دەستیان هەبووە لە بردنی گەنجان بۆ ڕووسیا.
بەپێی وتەی جیاشی، دوو لە دەستگیرکراوەکان لە دادگای نەجەف سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری پشت بە ماددەی ١٦٥ دەبەستێت بۆ سزادانی هەر هاووڵاتییەک کە بەبێ ڕەزامەندی حکومەت پەیوەندی بە سوپای بیانییەوە بکات.
جیاشی ڕوونی کردەوە، کە ئەو گەنجانە قوربانیی فێڵێکی گەورەن، سەرەتا بە ناوی “گرێبەستی خوێندن” دەبرێنە مۆسکۆ، بەڵام دوای گەیشتنیان، فشار و فێڵیان لێ دەکرێت بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان بگۆڕدرێت بۆ “گرێبەستی سەربازی” و ناچار دەکرێن بەشداریی شەڕی ئۆکرانیا بکەن. حکومەتی عێراق لایەنی ڕووسی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەم ڕێکارانە “نادرووست و نایاسایین”.
عێراق لە دوو قۆڵەوە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە، یەکەمیان لەگەڵ ئۆکراینا گفتوگۆی دەستی پێکردووە بۆ ئازادکردنی ئەو عێراقییانەی کە لە ناو سوپای ڕووسیادا بوون و لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بە دیل گیراون.
لەلایەکی تریشەوە، بڕیارە بەم زووانە شاندێکی باڵای عێراق سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ دڵنیابوون لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو عێراقییانەی لە سوپای ئەو وڵاتەدا وەرگیراون و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەیان.
حکومەتی عێراق جەخت دەکاتەوە کە بە پەرۆشەوە کار بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی دەکات و ڕێگە نادات هیچ لایەنێک گەنجانی وڵاتەکە بۆ ململانێ چەکدارییە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت.
