شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوه و دەشڵێت: پلەکانی گەرما 9 بۆ 13 پلە ڕوو لەنزمبونەوە ئەکات.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاستەوه پێشبینیم وایە کە لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەی پێنج شەممە 26ـی2ـی2026 شەپۆلێکی بارانبارینی ناوبەناو شار و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوه و بەبڕی جیاواز باران ببارێ و سەرەتای دەستپێکی شەپۆلەکە لاوازە و لە سنوری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات و لە درەنگی ئێوارە یان شەوی پێنج شەممە فراوان دەبێتەوه بەرەو هەولێر و سۆران و ڕاپەڕین.
ڕاشیگەیاند، لەبەرەبەیانی هەینی دەگاتە سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە و گەرمیان، ڕۆژی هەینیش بەشێوەی ناوبەناو ئەگەری باران هەیە بەتایبەت ناوچە کوێستانیەکان، بەڵام کاریگەریەکەی لەسەر گەرمیان و هەڵەبجە لاواز دەبێت.
وتیشی، “لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلە بارانبارینە بارستە هەوایەکی ساردیش باڵ دەکێشێ بەسەر ناوچەکانمان و پلەکانی گەرما 9 بۆ 13 پلە ڕوو لەنزمبونەوە ئەکات و کەشێکی ساردی زستانە لەناوچەکانمان دروستەبێت”.
بە وتەی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “ئەگەری بارینی بەفر لە تەواوی ناوچە شاخاویەکان هەیە لەگەڵ ئەو ناوچانەی ئەکەونە دامێنی چیاکانەوە و بەرزیەکانیان لە 1000 مەتر بۆ 1200 مەتر بەسەرەوەیە و دابارین بەشێوەی پچڕ پچڕ تاوەکوو بەرەبەیانی شەممە 28ـی2 بەردەوامە و پاشان بەکشتی کۆتایی دێت”.
