ئەمڕۆ چاودێریی بینینی مانگی ڕەمەزان دەکرێت؛ ئەوقاف زنجیرەیەک ڕێنمایی نوێی بڵاوکردەوە
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (١٧ی شوبات) بە سەرپەرشتی لیژنەی باڵا، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.
کەی یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە؟
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێوارەی ئەمڕۆ مانگ بینرا، سبەی چوارشەممە دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزان، وە ئەگەر مانگ نەبینرا، ڕۆژی پێنجشەممە (١٩ی شوباتی ٢٠٢٦) دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی پیرۆز.
گرنگترین ڕێنماییەکان بۆ مزگەوتەکان:
وەزارەتی ئەوقاف چەند بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی مەراسیمە ئایینییەکان دەرکردووە:
وتاری عەسران: دەبێت تەنیا ٢٠ خولەک بێت و تەنیا بە بڵندگۆی ناوخۆیی بێت (دەنگی نەدرێتە دەرەوەی مزگەوت). بابەتەکان دەبێت لەسەر پەروەردە، پێکەوەژیان و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بن.
شەو نوێژ (قیام اللیل): تەنیا لە ١٠ شەوی کۆتایی ڕەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان تا کاتی بانگی بەیانی کراوە دەبن.
نوێژی تەراویح: تەنیا پێشنوێژ و گوتارخوێنی فەرمیی مزگەوت بۆی هەیە ئەنجامی بدات.
بانگدان: پێویستە هەموو مزگەوتەکان پابەندی سیستەمی یەکخستنی بانگ و خشتەی ئیمساکییەی فەرمی بن.
ڕێنماییە گشتییەکان بۆ بازار و دەزگاکان:
چێشتخانە و کافترییەکان: پێویستە حورمەتی مانگی ڕەمەزان بگرن و هەستی ڕۆژووەوانان بپارێزن.
فەرمانگە حکومییەکان: لە دامودەزگا فەرمییەکاندا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک پێشکەش ناکرێت.
کەناڵەکانی ڕاگەیاندن: نابێت هیچ بابەتێک بڵاوبکەنەوە کە لەگەڵ پیرۆزیی ئەم مانگەدا نەگونجێت.
زەکات و سەرفیترە
دیاریکردنی بڕی زەکات، سەرفیترە و فیدیە تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەبێت و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی ئەو بڕە بن کە ڕادەگەیێندرێت.
