زانایەکی ڕووسی: ئەشکەوتەکانی مانگ باشترین شوێنن بۆ ژیان؛ ڕۆبۆتەکان دەنێردرێن
ڤلادیمێر سۆردین، گەورە توێژەر لە پەیمانگای شتێرنبێرگ بۆ گەردوونناسی، پێشنیارێکی نوێ بۆ ڕووسیا دەخاتە ڕوو کە بریتییە لە بەکارهێنانی ڕۆبۆتە بچووکەکان بۆ گەڕان لە ناو ئەشکەوتە نهێنییەکانی سەر مانگ، وەک هەنگاوێکی کەم تێچوو و کاریگەر بۆ جێگیربوونی مرۆڤ لە داهاتوودا.
بەپێی وتەی سۆردین، ئەشکەوتەکانی مانگ تایبەتمەندییەکی بێوێنەیان هەیە کە بۆ مرۆڤ گونجاوە، ئەمەش لەبەر هەندێک هۆکار لەوانە، پلەی گەرمی ناو ئەشکەوتەکان نزیکەی ١٧ پلەی سیلیزییە، کە زۆر گونجاوترە لە پلەی گەرمی سەر ڕووی مانگ.
هاوکات، ئەم ئەشکەوتانە وەک قەڵغانێکی سروشتی مرۆڤ لە تیشکە گەردوونییە مەترسیدارەکان دەپارێزن، و پارێزراون لە گۆڕانکارییە توندەکانی کەشوهەوا و کەوتنی نەیزەکە وردەکان.
ئەم زانایە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەوانەکردنی یەک مرۆڤ بۆ گەردوون یەکسانە بە تێچووی ڕەوانەکردنی ١٠ ڕۆبۆت. بۆیە پێشنیار دەکات ئەندازیارە گەنجەکان ڕۆبۆتی ورد دروست بکەن کە توانای چوونە ناو کونی ئەشکەوتەکان و ناردنی زانیارییان هەبێت، و ئەم ئامێرانە پشت بە وزەی خۆر دەبەستن کە لەسەر مانگ بە زۆری دەست دەکەوێت.
سۆردین پێی وایە ئەمە بوارێکی نوێیە و هیچ وڵاتێک تا ئێستا بە قووڵی کاری تێدا نەکردووە. ئەگەر ڕووسیا سەرکەوتوو بێت لە ناردنی ئەم ڕۆبۆتانە، دەتوانێت جێگەی خۆی لە پێشبڕکێی گەردوونی جیهانیدا بە قایمی بکاتەوە و زانیارییەکی یەکلاکەرەوە بداتە کۆمەڵگەی زانستی دەربارەی گونجاوی ئەو شوێنانە بۆ دروستکردنی یەکەمین نیشتینگەی مرۆیی.
سەرچاوە: ئاژانسی تاس (TASS)
