میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی دوای گەڕانەوە لە ئیمرالی ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دیدارەکەدا وتوویەتی: “قۆناغی یەکەم کۆتایی هات. ئەم دیدارە کۆبوونەوەی دەستپێکی یەکگرتنەوەیە”.
ئەمشەو میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی دەم پارتی ئەنجامی سەردانەکەی ئەمڕۆیانی بۆ لای ئۆجالان لە ئیمرالی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکە نزیکەی ٣ کاتژمێری خایاند، کۆبوونەوەیەکی پڕ ناوەڕۆک بوو لەبەر ئەوی خۆی بەڕێز ئۆجالان لە پێشەوە ڕۆژەڤەکانی خۆی دیاری دەکات و بە گشتی ئەو بابەتانەی کە گفتوگۆیان لەسەر دەکەین بە ١٠ خاڵ دەستنیشان دەکات و کۆبوونەوەکە لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبێت، کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو تێیدا بەڕێز ئۆجالان وتی: “ئەم کۆبوونەوەیە چوونە ناو تێکەڵبوونی دیموکراتیکە”.
وتیشی: “بەڕێز ئۆجالان دواتر ڕوونی کردەوە کاتێک سەردەمی ١٦ مانگی پرۆسەکەی بە کورتی نرخاند جەختی کردەوە کە “قۆناغی یەکەم کۆتایی هاتووە، قۆناغی یەکەم بە بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی و تێکۆشانی چەکدارییەوە بەستراوە بوو، ئەساسی قۆناغی یەکەم هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک بوو کە بڕیارێکی ستراتیژییە و ئێمە لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ئەم مەبەستە هەنگاوی گرنگمان نا، ئێستاش چووینەتە ناو قۆناغی دووەم و لەسەر لایەنی تێکەڵبوون کە گرنگترین بابەتی ئەم قۆناغی دووەمەیە گفتوگۆ دەکەین. ئێمە ئەمە لەگەڵ ئێوەدا تاوتوێ دەکەین”.
بەپێی قسەکانی سانجار کە لە میدیای پەکەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ئۆجالان لەسەر ڕێگای گشتی کە دەبێت لە قۆناغی دووەمدا پەیڕەو بکرێت، گفتوگۆی کرد و دیالۆگی وەک تاقە ڕێگە نیشان دا و بابەتی سەرەکی پرۆسەکە لە تورکیا ئەم ڕۆژەڤە بوو، بەڵام پێشهاتەکانی سووریاش لە ژێر ئەم ناونیشانەدا گفتوگۆیان لەسەر کرا.
سانجار بیری هێنایەوە کە ئۆجالان پێشتر وتبووی پێشنیاری ئەو بۆ چارەسەری سووریا “تێکەڵبوونی دیموکراتیک”ـە و جەختی کردەوە کە سەرەڕای ناکۆکییەکان، پرۆسەکانی نێوان هەردوو وڵات پێکەوە گرێدراون.
سانجار باسی لە پێشهاتەکانی سووریا کرد و ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجالان لە دیداری ١٧ی کانوونی دووەمدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت بێگومان پێکدادانەکان ڕابگیرێن و سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت کێشەکە لە ڕێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێت، هۆشداریشی دا کە ئەگەر هێرشەکان زیاد بکەن، بەتایبەتی ئەگەر پێکدادان بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بڕوات، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیانی گیانیی گەورە و ناسەقامگیرییەک کە ساڵانێکی زۆر بخایەنێت.
سانجار هەروەها دیاریکرد کە ئۆجالان لەم پرۆسەیەدا تاقە ڕێگە بە دیالۆگ و سیاسەت دەبینێت و بە توندی هۆشداری دا کە ئەگەرنا ناوچەکە بەرەو “لێواری هەڵدێر” کێش دەکرێت و “هێزەکانی دەرەوە دەتوانن پرۆسەکە تێک بدەن”، ئەم هێزانە دەتوانن لە سووریا بکەونە گەڕ و لەسەر ئاستی ناوچەیی وێرانکاری دروست بکەن و ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ڕێگری لەم پرۆسەی ئاشتییە بکەن کە بەردەوامە”.
سانجار ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجالان ئەو ڕێککەوتنەی لە ١٠ی ئازاردا لە سووریا هاتە ئاراوە، وەک چوارچێوەی بنەڕەتی دانوستانەکان بینیوە و ئەم تێڕوانینەشی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتدا بەش کردووە.
سانجار ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای ٦ی کانوونی دووەم، ئەکتەری جۆراوجۆر لە گەڕاندنەوەی دانوستانەکاندا ڕۆڵیان گێڕا و لە ناو ئەم ئەکتەرانەدا مەسعوود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هەبوون و دەستنیشانی کرد کە ئەکتەری سەرەکی کە ڕۆڵەکەی لە گفتوگۆ گشتییەکاندا بە ڕادەیەکی زۆر فەرامۆش کرابوو، عەبدوڵا ئۆجالان بوو بەڵام ئۆجالان بە هەوڵەکانی خۆی، پرۆسەکەی لە “لێواری هەڵدێر”ەوە گەڕاندەوە بۆ دانوستان.
سانجار جەختیشی کردەوە کە چەمکی تێکەڵبوون تەنها بە واتای یەکگرتنێکی ئاسایی نایەت، بەڵکو لە هەمان کاتدا بە واتای ناسینی بوون و مافەکانیش دێت و دەبێت ئەنجامەکانی تێکۆشانێک کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا کردوویەتی، لەم چوارچێوەیەدا بنرخێنرێت.
سانجار وتی کە نوێنەرانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا، لە کۆنفرانسی میونشن پەیوەندی جۆراوجۆریان هەبووە و ئەم پەیوەندییانە بە گرنگ دەبینێت، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەکرێت وەک یەکێک لە نیشانە سەرەتاییەکانی بەشداربوونی کورد و قەسەدە وەک ئەکتەرێکی هاوبەش لە داهاتووی سووریادا لێک بدرێتەوە.
سانجار ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی ئێستا نەک تەنها بۆ ڕۆژئاوا و کورد، بەڵکو بۆ تەواوی سووریا و ناوچەکەش گرنگە.
