ئاگاداری بۆ شۆفێران؛ شەپۆلێکی تەمومژ ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، درەنگانی ئەمشەو یەکشەممە، بەهۆی بارینی بارانی زۆر و دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ لە هەوادا، دیاردەی تەمومژ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ڕوودەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەدا، ئەمشەو لە سنووری پارێزگای دهۆک و موسڵ، ئیدارەی زاخۆ، باکووری موسڵ، بەردەڕەش، ڕۆڤیا، بوجیل، ئاکرێ و مێرگەسۆر، هاوکات ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەولێر، کەورگۆسک، گوێڕ، خەبات، کۆیە و تەق تەق، و ناحیەی پردێ، چەمچەماڵ، قادرکەرەم و کەلار، و پارێزگای سلێمانی و بەشێکی زۆری ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە. دیاردەی تەمومژ ڕوودەدات.
ئەو کەشناسە داوا لە شۆفێران دەکات، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر هێڵەکانی دەرەوە و ڕێگاوبانە دوورەکانن، بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و ئەم خاڵانە ڕەچاو بکەن، و خێراییان بۆ نزمترین ئاست کەمبکەنەوە و پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن، و گڵۆپی تەم بەکاربهێنن و مەودای سەلامەتی لە نێوان ئۆتۆمبێلەکان بپارێزن.
