مەترسیی گڕگرتن ملیۆنێک ئۆتۆمبێلی BMW دەخاتە ژێر هەڕەشەوە؛ هەڵمەتێکی گەورەی بانگهێشتکردنەوە دەستیپێکرد
کۆمپانیای BMWی ئەڵمانی، بەهۆی مەترسیی دروستبوونی شۆرت و ئاگرکەوتنەوە لە بزوێنەرەکانیدا، بڕیاری دا سەدان هەزار ئۆتۆمبێلی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بانگهێشت بکاتەوە بۆ چاککردنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “بیڵد”ی ئەڵمانی، مەترسییەکە لە کاتی کارپێکردنی بزوێنەردایە و پەیوەندی بە دروستبوونی شۆرتێکی کارەباییەوە هەیە. ئەم کێشەیە ڕەنگە ببێتە هۆی گڕگرتنی کتوپڕی ئۆتۆمبێلەکە. ئەمە یەکەمجار نییە BMW تووشی ئەم کێشەیە دەبێت، چونکە لە پاییزی ڕابردووشدا بەهۆی داخورانی پارچەیەکی تەکنیکی و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە، هەمان هەڵمەتی ئەنجام دابوو.
ئەم هەڵمەتە ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە لە نێوان تەممووزی ٢٠٢٠ تا تەممووزی ٢٠٢٢ بەرهەم هێنراون، لەوانە:
ئۆتۆمبێلە بچووکەکان (2 Series Coupe).
سیدان و گران توریسمۆ: (3, 4, 5, 6 Gran Turismo, 7).
ئۆتۆمبێلە بەرزەکان (SUV): (X4, X5, X6).
وەرزشییەکان: مۆدێلی Z4.
تا ئێستا کۆمپانیاکە ژمارەی کۆتایی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەکان بەم شێوەیەن، لە ئەڵمانیا بە تەنها ٢٨,٥٨٢ ئۆتۆمبێل بانگهێشت کراونەتەوە.
گۆڤاری (kfz-Betrieb)ی پسپۆڕ ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی گشتی لە جیهاندا دەگاتە ٥٧٥ هەزار ئۆتۆمبێل.
سەرچاوە ڕووسییەکان باس لەوە دەکەن کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا نیو ملیۆن ئۆتۆمبێلی ئەم کۆمپانیایە بەهۆی کێشەی جیاوازەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ چاککردنەوە.
کۆمپانیای BMW داوا لە خاوەنی ئەو مۆدێلانە دەکات کە لە ماوەی دیاریکراودا دروستکراون، سەردانی بریکارە فەرمییەکان بکەن بۆ پشکنینی سیستەمی کارەبایی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، چونکە چاککردنەوەی ئەم کێشەیە بە بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێت.
سەرچاوە: rbc.ru / Bild
