شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ گەیشتۆتە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت: بەهۆی هاتنی خۆڵبارین و تێكەڵبوونی بە بارانەكە، قوڕاو دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا بارانی بەخوڕ له بەشێک لە ناوچەکانی باکووری هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، هەروەها هەوری چڕی باراناوی گەیشتووەتە تەواوی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و تا ئێوارە شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت.
دەشڵێت: ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانی بەخوڕ دەبارێت، هەروەها پێشبینیی بەهێزی تاوەبارانی بەخوڕ، هەورەبرووسکەی بەهێز و تەرزە بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ڕوونیشی كردەوە، لەئێستادا شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین بەهۆی چالاکبوونی خێرایی با هاتۆتە تەواوی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و بەشێک لەناوچەکانی پارێزگای موسڵ و لەچەند کاتژمێری داهاتوو کاریگەری فراوانتردەبێت و دەگاته هەندێ لەناوچەکانی هەرێم له وانەیە لەهەندێ شوێن بەشێوەی قوڕاو لەگەڵ باران بەتێکەڵی ببارێت.
