وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بڕیاریدا

وەزارەتی ناوخۆ: ئۆتۆمبێلی “بێ سەرەتا” بە هیچ شێوەیەک تۆمار ناکرێت

هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتایی وەزارەتەکەی دەربارەی چارەنووسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان (بێ مانیفێست) ڕاگەیاند و جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان کردەوە.

سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە “بێ سەرەتا” ناسراون، بە هیچ شێوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تۆمار ناکرێن و هیچ ژمارەیەکیان پێ نادرێت. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە سەرپێچییە یاساییەکان و پاراستنی ئاسایشی هاتووچۆ وەسف کراوە.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ دوای ئەوە دێت، کە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە کە ئەگەری هەیە ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار بکرێن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە و دووپاتی کردەوە، کە ئەو ئۆتۆمبێلانە نایاسایین و ناتوانرێت مامەڵەی فەرمییان بۆ بکرێت، و شۆفێران و هاووڵاتیان دەبێت ئاگاداری پارەی خۆیان بن و مامەڵە بەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەوە نەکەن.

وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن، چونکە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بەرپرسیارێتی یاسایی لێ دەکەوێتەوە و لە کاتی بینینیدا لەلایەن مەفرەزەکانەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە