بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، سەرجەم ئەو جووتیارانەی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەكاتەوە كە تا ئێستا پارەی گەنمی ساڵی 2015ـەیان وەرنەگرتووە یان چەكی بانكیان وەرگرتووە بەڵام پارەیان بۆ خەرج نەكراوە، لەماوەی 15 ڕۆژدا سەردانی سایلۆی هەولێر بكەن و بەڵگە پێویستەكان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن بۆ پێدانی شایستەكانیان.
بەشێک لە جووتیاران تا ئێستا پارەی گەنمی وەرگیراوی ساڵی 2015ـەیان وەرنەگرتووە، بەشێكیشیان چەكی بانكییان بۆ وەرگرتنی پارەكە پێدراوە، بەڵام لە بانک بۆیان خەرج نەكراوە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: لەپێناو ئەوەی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر لە شایستە داراییەكانیان بێ بەش نەبن كە ماوەی نزیكەی 11 ساڵە پێیان نەدراوە، ماوەی 15 ڕۆژی تر لە وادەی ڕادەستكردنی مامەڵەكانیان درێژ دەكەینەوە، بەو ئومێدەی تا 25ـی ئەم مانگە جووتیاران چەكی بانكیان بهێنن كە پێشتر وەریانگرتووە، ئەوانەشی چەكی بانكیان نییە، بەڵگە پێویستەكانیان بهێنن كە گەنمیان لێ وەرگیراوە.
ڕوونیشی كردەوە، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بڕە پارەیەک لەبەرامبەر شایستەی دارایی ساڵی 2015ـی جووتیارانی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كراوە، بەڵام تا داتای سەرجەم ئەو جووتیارانە كۆ نەكەینەوە كە شایستەی پێدانی ئەو بڕە پارەیەن، ناتوانین پارەكە دابەش بكەین، بۆیە داوایان لێ دەكەین لە زووترین كاتدا سەردانمان بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەكانیان بۆ تەواو بكەین و نووسراوی لیستی جووتیارانی شایستە ئاڕاستەی (بانكی حەدیاب) بكەین.
بە وتەی میران بەختیار، تا ئێستا 80 بۆ 90 جووتیار نەهاتوون چەكی بانكی پێشتریان ڕادەست بكەنەوە یاخود مامەڵەی پێدانی چەكی بانكی نوێ تەواو بكەن.
