کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە ڕایگەیاند، کە جوڵەی بەرهەمهێنان لە ئاشەکانی گەنمدا بەپێی پلانێکی گشتگیر بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە دابینکردنی ئارد لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا ڕووی لە زیادبوون کردووە و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، “بچن بەشەئاردی خۆیان وەربگرن، چونكە بەپێزە و نانی جوانی لێدەكرێت”.
موحسین محەمەد ئەلنامس، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە ڕایگەیاند، تیمەکانی چاودێری و جۆری بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئاشەکان دەکەن و لە مەیداندا سەرپەرشتی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن دەکەن، هاوکات پشكنین لە کوالیتی ئاردی بەرهەمێنراو دەکەن بۆ دڵنیابوون لە گونجانی لەگەڵ تایبەتمەندییە پەسەندکراوەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ستافەکانی کۆمپانیا بە چڕی چاودێری کارەکانی ئاشەکان و بریکارەکان دەکەن و سەردانی مەیدانییان بۆ ئاشەکانی کۆمپانیاکە و ئاشە ئەهلییەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سەڵاحەدین، کەربەلا، واست، میسان و موسەنا ئەنجامداوە.
دەشڵێت: لیژنەکانی کوالێتی دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی “پشکنینی نانەواخانە” لە پارێزگاکانی نەجەف و زیقار، بە مەبەستی دڵنیابوون لە جۆری ئاردەکە و گونجانی بۆ دروستکردنی نان.
ئەلنامس جەختی لەسەر گرنگی ئەم پشكنینانە کردەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کوالیتی ئارد و دەستەبەرکردنی شیاوی بۆ بەکارهێنانی هاووڵاتیان. ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانییە بۆ پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن.




