بە هەوڵی سەرباز بەرزنجی؛ زیاتر لە ٧٠ پەرلەمانتار و لۆردی بەریتانیا پشتگیریی مافەکانی کورد دەکەن
سەرباز بەرزنجی، پارێزگاری ناوچەی “لامبێس” لە لەندەن، هەواڵێکی گرنگی دەربارەی جوڵەیەکی دیپلۆماسیی بەرفراوان بڵاوکردەوە، کە تێیدا زیاتر لە ٧٠ ئەندامی پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا پێکەوە داوای پاراستنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و مافەکانی گەلی کورد دەکەن.
سەرباز بەرزنجی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەنگاوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە و بەرهەمی یەکڕیزی و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕەوەندی کوردی و دۆستەکانیانە لە بەریتانیا.
ناوبراو جەختی کردەوە، کە ئەمە تەنها واژۆیەک نییە، بەڵکو دەنگدانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە “کاتێک یەکگرتوو بین، جیهان گوێمان لێ دەگرێت.”
پارێزگاری لامبێس هۆشداری دەدات لەوەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە جوگرافییەکانی ناوچەکە، مەترسییەکان جددین و نابێت کارەکان لەم هەنگاوەدا بوەستن. ئەو داوا دەکات لە بەردەوامیی خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسی بۆ ئەوەی کورد پەراوێز نەخرێت، هاوکات فشارەکان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی حکومەتی بەریتانیا هەنگاوی کردەیی دەگرێتە بەر.
سەرباز بەرزنجی سوپاسی سەرجەم ئەو پەرلەمانتارە دۆستانە و ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا (بەتایبەت گەنجان و چالاکوانان) دەکات کە لێبڕاوانە کاریان بۆ ئەم کەیسە کردووە. لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا دەکات جیاوازییە سیاسییەکان وەلا بنرێن، چونکە لەم قۆناغە هەستیارەدا سەرکەوتن تەنها لە یەکڕیزیدایە.

