شاندی ئیمرالی و سەرۆك كۆكاری توركیا كۆبوونەوە و كۆمسیۆنە پەرلەمانییەكە پرسی ئازادی ئۆجالان تاوتوێ دەكات
ئەندامانی شاندی ئیمراڵی (دەم پارتی) پێكهاتووە لە مەدحەت سەنجەر و پەروین بوڵدان، لەلایەنی حكومەتیشەوە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میت) بەشدار بوو لە دیدارەكەدا.
بەر لەم دیدارە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی لە كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمان تایبەت بە چارەسەری پرسی كورد كرد و راگەیاند”کۆمیسیۆنەکەمان نزیکە لە تەواوکردنی ڕاپۆرتەکەی. بە ئاشکراکردنی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسیاری و ئەرکی زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکان. ئێمە وەک ئاکەپە هاوکار دەبین. بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ تاوەکو ئەم پرسە بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر ببێت”.
یەكێك لەو بابەتانەی كەو بڕیارە كۆمسیۆنەكە لێكتێگەیشتنی لەسەر بكات، پرسی مافی هیوایە (واتا ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجالان).
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرەستی توركیا (مەهەپە) كە هاوپەیمانی سەرەكی ئەردۆغانە بەمدواییە بەروونی ئەوەی رایگەیاند، هەریەكە لە ئۆجالان و دەمیرتاش ئازاد دەكرێن و بەرپرسانی تری كورد دەگەڕێنرێنەوە بۆ پۆستی سەرۆكی شارەوانییەكان دوای ئەوەی لەلایەن دەوڵەتەوە دوورخرانەوە.
