پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، کە نرخی فەرمی دۆلار لە بانکی ناوەندی جێگیرە و هیچ بڕیارێک بۆ گۆڕینی لە ئارادا نییە. عەلی عەلاق هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری بۆ کردەی بازرگانان گەڕاندەوە.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە هەولێر لە پەراوێزی ڕاگەیاندنی (ئی-پسووڵە) بۆ ڕۆژنامەنووسان، جەختی لەسەر جێگیری نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بانکی ناوەندی کردەوە و ڕایگەیاند، کە هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی فەرمییدا چاوەڕوان ناکرێت.
ناوبراو هۆکاری هەڵاوسانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری بۆ هەڵسوکەوتی هەندێک بازرگان گەڕاندەوە، کە بەهۆی گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی هاوردەکردندا، ڕوویان لە بازاڕی ڕەش کردووە بۆ کڕینی دۆلار.
عەلاق پێی وایە “ئەو بازرگانانە بەم نزیکانە دەگەڕێنەوە سەر کەناڵە فەرمییەکان و نرخی دۆلار ئاسایی دەبێتەوە، بەتایبەت کە بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لە یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی نییە و بەردەوامە لە دابینکردنی دۆلار بۆ ناو بازاڕ”.
