پرەدان لە پرۆژەی ڕووناکی دەبێتە ئەلکترۆنی و پرۆژەکەش دەڵێت”کۆتایی بە نۆرەگرتن دەهێنین”.
سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی ڕووناکی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (ئاڤا) ڕایگەیاندووە، کە کار بۆ چارەسەرکردنی تەواوی ئەو گرفت و ناڕەزایەتییانە کراوە کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاراستەیان کراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە، کە تەواوی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانمان بەدەست گەیشتووە و کارمان لەسەر کردووە.
جەختیشی کردەووەتەوە، کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کێشەی نۆرەگرتنی هاووڵاتییان بۆ پارەدان بە تەواوی نامێنێت، چونکە پڕۆسەی پارەدان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بەشداربووان دەکات.
لەبارەی نیگەرانیی هاووڵاتییان لە بەرزیی نرخەکان، سەرچاوەکەی پڕۆژەی ڕووناکی ڕوونی کردەوە، کە نرخەکان بەپێی یاسا چەسپێنراون و هیچ گۆڕانکارییەکیان تێدا نەکراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە تێگەیشتنێکی هەڵە لە باڵانسی نامەی ژمارە ١٩٩٢ دروست بووە؛ زۆرجار پارەی ٢٠ ڕۆژ داخل کراوە، بەڵام هاووڵاتی وا دەزانێت ئەوە پارەی تەواوی مانگەکەیە.
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، پڕۆژەی ڕووناکی جەختی کردەوە کە نرخی هەر کیلۆوات سەعاتێک بە ٧٢ دینار جێگیر کراوە، و وەک نموونە ئەم هاوکێشەیەی خستە ڕوو:
دۆخی یەکەم: ئەگەر بەشداربوو لە ڕۆژێکدا (١٣ کیلۆوات) بەکاربهێنێت، بۆ ٢٠ ڕۆژ بڕی ١٨,٧٢٠ دیناری بۆ دێتەوە.
دۆخی دووەم: ئەگەر هەمان بڕ (١٣ کیلۆوات) بۆ ٣٠ ڕۆژ بەکاربهێنێت، بڕی ٢٨,٠٨٠ دیناری بۆ دێتەوە.
