دۆزینەوەیەکی نوێ: جۆرە بەکتریایەکی چاو ئاماژەی پێشوەختەیە بۆ تووشبوون بە ئەلزەهایمەر
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی کە لە ناوەندی پزیشکی “سیدارز-ساینای” لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لە نێوان جۆرە بەکتریایەکی ناو تۆڕی چاو و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر ئاشکرا کرد. ئەم دۆزینەوەیە دەبێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکە لە ڕێگەی پشکنینی چاوەوە.
بەکتریایەک لە کۆئەندامی هەناسەوە بۆ ناو چاو
بەپێی توێژینەوەکە کە ئەمڕۆ شەممە (٧ـی شوباتی ٢٠٢٦) بڵاوکراوەتەوە، زانایان جۆرە بەکتریایەکیان بە ناوی (Chlamydia pneumoniae) لەناو شانە دەمارییەکانی تۆڕی چاودا دۆزیوەتەوە. ئەم بەکتریایە کە بەزۆری دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە، لەو کەسانەی تووشبووی ئەلزەهایمەرن بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە چاویانماندا بوونی هەیە.
بۆچی تۆڕی چاو گرنگە؟
زاناکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تۆڕی چاو (Retina) لە ڕاستیدا درێژکراوەی کۆئەندامی دەماریی ناوەندییە و بەستراوەتەوە بە مێشکەوە. “مایا کۆرۆنیۆ-هاماوی”، زانای دەمار و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە دەڵێت:
“چاو دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەو ڕووداوانە بێت کە لە مێشکدا دەگوزەرێن. بوونی هەوکردنی بەکتریایی درێژخایەن لە تۆڕی چاودا، دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەو گۆڕانکارییە نەخۆشییانەی پەیوەندییان بە ئەلزەهایمەرەوە هەیە.”
ئەنجامی توێژینەوەکە لەسەر ١٠٤ نموونە
توێژینەوەکە شیکاری بۆ نموونەی چاو و مێشکی ١٠٤ کەس کردووە دوای مردنیان. ئەنجامەکان دەریانخستووە:
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو بەکتریایە لە چاودا و توندیی تێکچوونی تواناکانی مێشک (Cognitive Decline) هەیە.
ئەو کەسانەی هەڵگری بازدانی جینین (Mutation) و مەترسیی تووشبوونیان بە ئەلزەهایمەر زیاترە، ئاستی ئەم بەکتریایە لە چاویان و مێشکیاندا زۆر بەرز بووە.
ئایا ئەم بەکتریایە هۆکاری ئەلزەهایمەرە؟
توێژەران دەڵێن مەرج نییە ئەم بەکتریایە “هۆکاری سەرەکی” بێت، بەڵکو وەک “هۆکارێکی خێراکەر” کاردەکات کە پرۆسەی هەوکردن و تێکچوونی مێشک خێرا دەکات. ئەمەش وای کردووە زانایان وەک نیشانەیەکی (Marker) بەهێز بۆ ناسینەوەی پێشوەختەی ئەلزەهایمەر سەیری بکەن.
