سەرباری مەترسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر دۆزی كورد و بە ئاشكرا خەنجەر لێدانی ئەمڕیكا و زۆربەی وڵاتان لە پشتی كوردانی ڕۆژئاوا، كە وەك هاوپەیمان لە شەڕی دژی داعش وێنا دەكران، لەبەر خاتری بەرژەوەندی ئابووری، بەڵام ناو ماڵی كوردی لە هەرێمی كوردستان پەرتەوازەیە و هێشتا یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ڕێكنەكەوتوون و كاندیدی خۆیان هەیە، ئەمە جگە لە بوونی چەند كاندیدێكی دیكەی سەربەخۆ و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان.
ململانێی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكانی هەرێم و عێراق لەكاتێكدایە، كە زیاتر لە ساڵێك و چەند مانگێكە هەڵبژاردن لە كوردستان كراوە، هێشتا حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە و دۆخی ئابووری خەڵك و مووچەخۆران لەوپەڕی خراپیدایە و مووچە بەردەوام دوادەكەوێت، هاوكات لە عێراقیش پێگەی كورد لە مەترسیدایە بەهۆی پەرتەوازەیی ناوماڵی كوردی و چەندین بڕیار بەرامبەر هەرێم لە حكومەتی فیدڕاڵی و دادگاكانەوە دەرچوون و هەناردەی نەوت لە هەرێم سەندراوەتەوە، ئەمە جیا لە فشاری بەغدا بۆ وەرگرتنی زیاتری داهاتی ناوخۆ و گومرگەكان.
وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، كە لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و بەشێكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بە دیداری شاندی چوارچێوەكە لە هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە (سودانی و عامری و مەندەلاوی) لەگەڵ یەكێتی و پارتی باس لە سووربوونی هەردوو حزبە كوردییەكە دەكات لەسەر كاندیدەكانیان.
عەقیل ڕەدینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت: لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتی، ئەو حزبە جەختی لەوە كردەوە، كە زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێناوە وەك كورد لە هەرێم و عێراق و مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، كە كانیددیان “فوئاد حسێن”ە و لەبەرامبەردا چەند پۆستێكی دیكە دەدەن بە یەكێتی.
وتیشی، “لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی، ئەوان سووربوون لەسەر كاندیدی خۆیان “نزار ئامێدی” بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و پێیان وایە لە سەرۆك مام جەلالەوە تاكو د. لەتیف ڕەشید، ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بووە و بووە بە عورفێكی سیاسی و خاوەنی كورسی زۆرن، كە مافی وەرگرتنی ئەو پۆستەیان هەیە”.
ئاشكراشی كرد، “پێدەچێت ئەگەر نەگەنە ڕێككەوتن، هەمان سیناریۆی ساڵی 2021 دووبارە ببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و یەكێتی و پارتی كاندیدەكانیان بچنە كێبڕكێوە”.
لای خۆشیەوە، د.ئەشواق جاف، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسەكانی عێراق جەختی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن حزبەكەیەوە كردۆتەوە و وتویەتی، “ناكۆكی پارتی لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، لەسەر جۆری وەزارەتەكانە نەك ژمارەیان و یەكێتیی داوای (9) وەزارەتی كردووە، كە دوو وەزارەتیان ئەمنین”.
وتوشیەتی، “پارتی كێشەی لەسەر ژمارەی وەزارەت نییە، ناكۆكی لەبارەی جۆری وەزارەتەكان هەیە”.
هاوكات، هەرێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له پەرلەمانی عێراق بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی دەڵێت: به‌وه‌رگرتنی پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، پارتی ئیستحقاقی خۆی له عێراق وه‌رگرتووه، بۆیه پێویسته پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتیی بێت كه ئیستحقاقی خۆیه‌تی.
دەشڵێت: ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نه‌بووایه له‌جاری دووەمیشدا پارتی نه‌یده‌توانی پۆستی جێگری دووه‌می سەرۆكی په‌رله‌مانی عێراق وه‌ربگرێت، به‌ڵام یه‌كێتی یه‌كڕ‌یزی نێو ماڵی كوردی له به‌غدا له‌پۆست به‌گرنگترزانی و ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ سه‌رخستنی كاندیده‌كه‌ی پارتی ده‌نگیان به فه‌رهاد ئه‌تروشی-دا.
ئاماژەی بەوەشدا، پارتی بۆ به‌غدا داوای یه‌كڕ‌یزیی له یه‌كێتیی كرد، ئێمه‌ش قبوڵمان كرد، به‌ڵام لامان سه‌یره له هه‌رێم یه‌كڕ‌یزی قبوڵ نییه و ده‌یه‌وێت زۆرینه‌ی پۆسته‌كانی حكومه‌تی داهاتوو بۆ خۆی قۆرخ بكات.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختیشی كردۆتەوە، پۆستی سه‌رۆك كۆمار جگه له ئیستحقاق، به‌پێی نه‌ریتی سیاسی عێراقیش بێت بۆ یه‌كێتییه، هه‌رچه‌نده له‌رابردووشدا پارتی چه‌ند جارێك ویستوویه‌تی ئه‌و نه‌ریته بشكێنێت، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، چونكه لایه‌نه عێراقییه‌كانیش ئاگادارن پارتی ئیستحقاقی خۆی له عێراق وه‌رگرتووه.
هەرێم كەمال ئاغا پێی وایە، “باسكردنی پرسی سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن پارتییه‌وه ته‌نها فشاره بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم، ئه‌گه‌رنا خۆشیان باش ده‌زانن كه پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌ئیستحقاقی ئه‌وانه و نه‌به‌پێی نه‌ریته سیاسییه‌كانیش مافی ئه‌وانه”.
لەگەڵ هێرشەكانی گرووپە چەكدارەكانی سووریا بۆ سەر كوردانی ڕۆژئاوا تین و جۆش و خرۆشی خەڵكی كوردستان تاوی سەند و جەخت لە پاراستنی یەكڕیزی كورد كرایەوە، كە ئەوەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی كوردستان و ڕاگرتنی هێرشەكان هێنایەدەنگ، بەڵام هێشتا حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم وەك خەڵك یەكڕیز و تەبا نین و ئەوەش بە مەترسی لەسەر ئەزموون و قەوارەی هەرێم دادەنرێت.
لەكاتێكدا بەرپرسانی هەرێم چەندین جار باس لەو مەترسییە دەكەن، بەڵام هیچ نەگەیشتوونە ئەو ئاستەی دەستبەرداری پۆست و بەرژەوەندییەكان ببن لەپێناو خاك و قەوارەی هەرێم و گەلەكەی.
