شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە دروستبوونی تەم دەدات و دەڵێت”شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران لە ڕێگەیە و مەترسیی تەمومژ هەیە”.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، نوێترین کاریگەری ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە دوێنێ سێشەممەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، لە درەنگانی ئەمشەودا بەرەو لاوازبوون دەچێت و کۆتایی دێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی کەشوهەوا بۆ ماوەی ٤٨ کاژمێر جێگیر دەبێتەوە. بەڵام هۆشداری دەدرێت کە لە درەنگانی ئەمشەودا بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێ، ئەگەری دروستبوونی تەموومژ لەم ناوچانە هەیە:
ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک، سۆران و ڕاپەڕین.
ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان.
ناوچەکانی نزیک ڕووبار لە هەولێر و کەرکوک.
سەبارەت بەوەی بۆچی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکوک باران کەمتر بووە، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ئاماژە بەوە دەکات، هۆکارەکەی بۆ “بای باشووری خۆرهەڵات” دەگەڕێتەوە. ئەم بایە کە بە بایەکی وشک و گەرم ناسراوە، بووەتە هۆی گۆڕینی ئاراستەی شەپۆلەکە لە ڕۆژئاواوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم و تێکدانی گونجاویی هەورەکان بۆ بارانبارین لەو دوو پارێزگایەدا.
ئەو کەشناسە مژدەی گەڕانەوەی باران دەدات و ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لە ڕۆژانی شەممە، یەکشەممە و دووشەممە (٧ و ٨ و ٩ی مانگ)، شەپۆلێکی تری بەفر و بارانی مامناوەند سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
