کچان هەمیشە وەک “مۆنسات” (ئەوانەی تهنیایی دەڕەوێننەوە) وەسف کراون، چونکە شادی و ئارامییەکی دەروونی بەردەوام بە ماڵ دەبەخشن. بەڵام زانست ئەمڕۆ پێمان دەڵێت ڕۆڵی ئەوان زۆر لەوە گەورەترە؛ هەبوونی کچ لە ژیانی دایبابدا تەنها پاڵپشتییەکی سۆزداری نییە، بەڵکو وەک “دەرمانێکی سروشتی” وایە کە یادەوەری دەپارێزێت و تەندروستی مێشک لە کاتی پیربووندا دەپارێزێت.
توێژینەوەیەکی چینی کە لە ماڵپەڕی (PubMed) بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان بوونی کچ و توانای مەعریفی (پێزانین) لای باوکانی بەتەمەن. ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە:
هەبوونی کچ لە خێزاندا پەیوەستە بە باشتربوونی بەرچاوی توانای تێگەیشتن و پێزانین لای دایباب.
ئەم کاریگەرییە لەو خێزانانەی تەنها یەک منداڵیان هەیە دیارترە.
هەرچەندە دایباب بەرەو پیری بچن، کاریگەریی کچەکانیان لەسەر پاراستنی مێشکیان ئەرێنیتر دەبێت، کە توێژەران ناویان ناوە “کاریگەریی کچان” (Daughter Effect).
پەیوەندییە سۆزدارییە قووڵەکان کاریگەرییان زۆر بەهێزترە وەک لەوەی تەنها کچەکە لەگەڵ دایبابی بژی بەبێ بوونی پەیوەندییەکی قووڵ.
چۆن پەیوەندییە خێزانییەکان تەندروستی مێشک بەهێز دەکەن؟
پاراستنی مێشک لە تەمەنی پیریدا تەنها پەیوەست نییە بە لایەنی پزیشکییەوە، بەڵکو پەیوەندییە خێزانییەکان ڕۆڵێکی جەوهەری دەگێڕن لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەقڵکۆڵیی (دەمەنسی). توێژینەوەیەک لە “کتێبخانەی نیشتمانیی پزیشکی” ئەمریکا (NHATS) لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٩ چەند ئاماژەیەکی گرنگی دەرخستووە:
١. منداڵە پێگەیشتووەکان: ئەو بەتەمەنانەی منداڵی پێگەیشتوویان هەیە، تەندروستی مێشکیان باشترە و مەترسی تێکچوونی مەعریفییان کەمترە.
٢. ژمارەی منداڵەکان: ئەو دایبابانەی سێ منداڵ یان زیاتریان هەیە، کەمتر تووشی دابەزینی توانای مێشک دەبن بەراورد بەوانەی یەک منداڵیان هەیە یان بێ منداڵن.
٣. ڕۆڵی کچە پێگەیشتووەکان: بوونی کچی پێگەیشتوو مەترسی تێکچوونی مێشک بە شێوەیەکی زۆر گەورە کەمدەکاتەوە، چونکە کچان ئاستێکی بەرزتر لە چاودێری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەردەوام پێشکەش دەکەن.
بۆچی ڕۆڵی کچان لە هەمووان دیارترە؟
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، هۆکارە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان گرنگترین ئامرازی خۆپاراستنی “ناپزیشکی”ن لە ئەقڵکۆڵیی. هۆکارەکانی سەرکەوتنی کچان لەم بوارەدا بریتین لە:
پەیوەندی بەردەوام: کچان زۆرجار ڕۆژانە یان نیمچە ڕۆژانە پەیوەندی بە دایبابیان دەکەن، ئەمەش گۆشەگیری کۆمەڵایەتی کەمدەکاتەوە کە هۆکارێکی سەرەکی دەمەنسییە.
پاڵپشتی دەروونی: سۆزی کچان خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لای بەتەمەنەکان کەمدەکاتەوە.
چاودێری پزیشکی: ژنان زیاتر لە پیاوان ئەرکی چاودێری تەندروستی و بەدواداچوونی پزیشکی دایبابیان دەگرنە ئەستۆ.
چالاککردنی ژیری: گفتوگۆی بەردەوام و بڕیاردان لەگەڵ کچەکانیان، مێشکی دایباب چالاک دەکات و پرۆسەی پیربوونی مێشک خاو دەکاتەوە.
