مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، کێشەی نەبوونی سیولەو خراپ ئیدارەدان وایکردووە کاریگەری لەسەر مووچە دروست بکات، دەشڵێت، بەڵام نابێت تەنیا خەڵکی هەرێم باجی ئەم سیاسەتە بدەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەراوێزی لوتکەی حکومەتەکان لە دوبەی، لە دیدارێکی کەناڵی رووداو ڕایگەیاند، ساڵێک زیاترە هەڵبژاردن کراوە تا ئێستا حکومەتمان پێکنەهێناوە، ئەگەرچی ویست و ڕەغبەتی ئێمە وەک پارتی ئەوەبوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان حکومەتی نوێی هەرێم پێکبهێنین، بەڵام لایەکانی دیکە وەک پێویست نەهاتنە پێشەوە.
وتیشی: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەنگاوێکی زۆرمان بڕی، ئەجێندایەکی هاوبەشمان دانا، بەڵام بەداخەوە لەسەر هەندێک پۆست کە یەکێتی داوای دەکرد نەهاتنە پێشەوە و حکومەت دواکەوت.
باسی لەوەشکرد: پێویستە لایەنەکان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن، مادام باوەڕوان بە هەڵبژاردن هەبووە و بەشداری پڕۆسەکەیان کردووە.
لە بارەی مووچەوە، مەسرور بارزانی وتی: بەشێکی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە، لە ڕووی دەستووریەوە مافی خەڵکی کوردستانە کە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم بەردەوام بێت.
ئەوەشی باسکرد: نابێت کورد بە تەنیا باجی نەبوونی سیولە و خراپ ئیدارەدانی داهاتی عێراق بدات، هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و چاوەڕوان دەکەین، بەغداش پرسی مووچە تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکات.
