عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر
پێویستە بوترێت ئەو شۆڕشەی لە کوردستانی رۆژئاوا دەستیپێکرد، هاوکاتی جوڵانەوەیەکی فراوانی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتە بوو دژی رژێمی ئەسەد و بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانیان، لێ لەبەر تێهەڵچونی وڵاتانی هەرێمی بە تایبەت تورکیا، سەرهەڵدانەکە رووبەڕووی گرفتی گەورە بۆوە، بە تایبەت کورد لەو وڵاتە.
لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک گروپ و تاقم هەڵتۆقێنران، هەر یەکە و لە ژێر عەبای وڵاتێک و بۆ ئەجیندای تایبەت بوو، وایکرد بێ سەروبەریەک بێتە کایەوە، دواجار لە بری خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە رژێم، بووە شەڕی پاوان کردنی دەسەڵات و بەرژەوەندی وڵاتان، لەلایەک تورکیا و لەلایەک ئێران و لەلایەکیتر روسیا، لەولاشەوە حیزبەڵڵا، لە دوورەوەش ئەمریکا و هەندێ وڵاتیتر، عەرەبەکانیش لەوێ بوەستن، لەو نێوەندەشدا داعشیش دروستکرا کە ئەوە فەسڵێکی زۆر تاریکتری لەگەڵ خۆیدا هێنا، بۆ گەلانی سوریا بە تایبەت بۆ کورد، تەنانەت بۆ عێراقیش بە هەرێمی کوردستانەوە.
مەترسی خەڵک لەو تاقمە لەلایەک دەگەڕایەوە بۆ دروشمەکانیان و بەکارهێنانی ئایین، لە لایەکیتر لەو وڵات و هێزە هەرێمیانە بوو کە دروستیان کردبوون، چونکە ئەوانە بە درێژایی مێژوو بە کۆن و نوێوە هەرگیز و هیچ رۆژێک بە لای بەرژەوەندی گەلاندا نەشکاونەتەوە، بە پێچەوانە بەردەوام دژ و سەرکوتکەر بوونە، من ئەو کاتە وتم ئەو تاقمە خوێنڕێژ و وەحشیگەرە زیاتر بۆ گیانی کورد دروستکراون، ئەوانەی لە پشتیانەوەن مەبەستیانە کورد قڕبکەن و ئەنفال و کیمیاباران دووبارە بکەنەوە، مخابن هەندێ خەڵک لەم هەرێمە وەک ئەوەی ئاگایان لە کەین و بەینەکە بێت، دەیانوت قەیدی چیە با بێن، دەبینە دوو هاوسێی ئاسایی.
مخابن ئەوەی پێشبینیمان کردبوو وادەرچوو، لە هەردوو دیو کورد کرایە ئامانج، ئەوێ رۆژێک ئەگەر ئازایەتی پێشمەرگە و شەڕڤانان نەبوایە بە دڵنییاییەوە، کارەساتێکیان دەخولقاند زۆر خراپتر لەوەی سەدام و ئەسەد کردبوویان.
بەهەر حاڵ تا ئێرە ئەوە بە گشتی داکەوتەکە بوو، ئەوەی لێرە بۆ من جێی بایەخە و دەمەوێ تیشکی بخەمەسەر ئازایەتی شەڕڤانان بوو لەو هەلومەرجە زۆر نالەبارەی تێیدابوون، کوڕان و کچانیان داستانێکیان داخست بۆ ئەو دڕندەو گەلحۆ و پاپەتیانە وێنەی نەبوو لە جیهاندا، بەڕاستی بەو دیسپلینەی خۆیان کە بریتیبوو لە یەکسانی ژن و پیاو لە جەنگدا هەروەها لە پاراستنی هەموو پێکهاتەکان بە بێ جیاوازی بوونە جێی ئیعجابی جیهان، ئەمریکا و ئەوروپاش پێیانەوە سەرسام بوون، بۆ روبەڕوبوونەوەی داعش بە هاوپەیمانی خۆیان دانان، لە بەرزی مۆراڵیان و لە راستگۆیی لە هەڵسوکەوتیان روبارەک خوێنیان بەخشی، بۆ ئەوە نازناوی شەڕکەر لە جیاتی هەموو جیهانیان پێ بەخشرا.
راستیەکەی ئازایەتی شەڕڤانانم زۆر بە دڵ بوو، بەڵام هەرگیز باوەڕم بەو پێداهەڵگوتنانەی ئەمریکا و ئەوانەی لەگەڵیەوە بوون بەڕاست نەزانیوە، چونکە ئەو ئەمریکایە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیەتی نە دۆستی هەتا سەرە نە دوژمن هەتاسەر، لە چەندین وێزگەدا ئەو راستیە سەلمێنراوە، لە ١٩٧٥ بە ئاشکرا لە بەرامبەر بەرجەستەبوونی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی کوردی لەسەروبەندێکی زۆر هەستیاردا بەجێهێشت و مارانگازیکرد.
ئەو راستیە هێنری کیسینگەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکە کە هەر خۆشی عەڕابی ئەو لێکهەڵوەشانەوەی بزوتنەوەی کورد بوو، دەڵێت “مەترسیدارە ئەگەر دوژمنی ئەمریکا بیت، بەڵام خۆکوشتنە ئەگەر هاوڕێی بیت”.
لە شۆڕشی نوێشدا رژێمی سەدام، بە هەموو جۆرە چەکێک لە کوردی دەدا ئەوان مەبەستم ئەمریکا و هاوئاوازەکانی، خۆیان کردبووە کەڕەی شەربەت و چاویان لەو هەموو تاوانە گەورانەدا نوقاندبوو، هەر ئەو ئەمریکاش لەبەر خاتری تورکیا بە شۆڕشگێرانی کوردی ئەو وڵاتەیان دەوت تیرۆرست، لە کاتێکدا ئەوەی تیرۆری دەکرد ئەو رژێمەبوو، لە ٢٠١٩ەش بینیمان ئەمریکا و زلهێزیتر لەبەر خاتری تورکیا عەفرینی کوردانیان خەڵتانی خوێن کرد، دوای ئەوەش سەرێکانی و گرێ سپیش.
بەڕاستی ئەوانە بۆ من و کوردانی دڵسۆز هەمووی لاپەڕەی رەشن لە مێژووی ئەمریکا لەبەر ئەوە هەمیشە دەستمان لەسەر دڵمان بوو بۆ کوڕ و کچە ئازاکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە تێکشکێنەری دەواعش و مەواعشەکان بوون، تۆبڵێی ئەوەی لە رابروودا کردبوویان دەرهەق بە ئێمە و گەلانی ئازادیخوازیتر دووبارەی نەکەنەوە، چونکە هەندێجار لە بن لێوانەوە دەیانوت، ئێمە پارەی خۆمان دەدەین و بە چەکی ئێمەوە شەڕ دەکەن، ترسە گەورەکەشم لە ترمپەسۆر بوو، چونکە ئەو پیاوە وەکو نیسک وایە بەر و پشتی نییە، تەنها پارە و نەوتی دەوێت و بەردەوامیش دەڵێت((هل من مزید)) ئایا زۆرتر هەیە؟
ئیتر لەو نێوەندەدا کێ لە بن پێیان دەپلیشێتەوە قیروسیا، مخابن ترسەکەم هاتەجێ، کاتێک ئەو شانۆنامەی دەستیان دابوێ کە دواپەردەکەی ئەوەبوو، بە تیشکی سەوزی ئەمریکا و بە هاوکاری تورکیا و بە دەم چەورکردنی ئیسرائیل، گەورە تیرۆرست جولانیان سواری دەبابە کرد و بە شەقامی خێرا بردیان بۆ دیمەشق و کردیان بە موختار هەر ئەوەش نا بردیانە کۆشکی سپی و گوڵاو پژێنیشیان کرد، وەک ئەوەبوو بڵێن ئەوە لەو گوناهانەی دەرهەق بە ئەمریکا هەیبوو شوشتمانەوە و لە هۆش پیسی و لەش پیسی و دەست بە خینی پاکمان کردەوە، دیارە بۆ خۆیان نەک بۆ ئێمە، چونکە لەلای ئێمە هەر تیرۆستە و عەیاریشی بیست و چوارە و بە سەد شوشە عەتریش بۆنی پیسی لێنابێتەوە.
لێ مخابن ئەوەی لێی دەترساین دەست و پێکردنەوەی ئەو گەورە دڕندەیە بوو لە ژێر ناوی سوریای یەکگرتوو و کۆمەڵێک بەیت و بالۆرەی بێ بنەما، سەرەنجام هەر وایانکرد، رێشمە و کەلەبچەکانیان لێکردەوە و ئیتر وەک سەگی هار کەوتە وێزەی گەلانی سوریا، سەرەتا عەلەوی، پاشان دروز، دواجاریش کوردە حەیاتەکە کە هەتا دوا سات هاوپەیمانی دژی داعش بوون، لێ لە شەو و رۆژێکدا هەموو ئەو قوربانیەی دابوویان لە لایەن خۆیانەوە سفریان کردەوە و ماکانەکەی سەردەمی سەدامیان دووبارە کردەوە.
لە راستیدا من ئەوەم بە تەبخەیەک لێکدایەوە کە پێش وەختە ئامادە کرابوو، بۆ جەزرەبەدانی کورد و ئەو هێزە ئازایەی پێشتر وتمان دونیای سەرسام کردبوو، بە داخەوە دەستی زۆر لای تێدایە کە ناکرێت لەم کاتەدا ناوی هەمویان بهێنین، ئەکید رۆژی خۆی دێت، ئەوەی جێی سەرنج و پێدا هەڵگوتنە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، وتیان نەخێر بۆ هەڵکردنی ئاڵای سپی، ئەم زەنگە کە لێدرا ئیتر هەموو کورد و جیهانی خرۆشاند.
لە باشوور ئاپۆرای ملیۆنی لە باکور هەروا لە هەندران باشتر، ئەو خرۆشان و پاڵپشتیە وایکرد ئەمریکا و فەرەنسا جۆرێک لە پاشەکشێ لەو گەلەکۆمەکێی بە قازانجی تیرۆرستان کردبوویان پاشگەزببنەوە و پشتیوانی لە بەرجەستکردنی بەشێک لە مافەکانی کورد و پاراستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن.
من پێموایە نابێت باوەڕی تەواو بە رێککەوتنە دەڵەمەییە بکرێت دەبێت هەموو کوردانی دڵسۆز لە هەر جێ و مەکانێک، دەبێ حازر و ئامادە بن، هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەبێ دەستیان لەسەر زینادی تفەنگەکانیان بێت، تا ئەو کاتەی هەموو گریمانەکان دەکەونە سەر شاڕێگەی خۆی
