پێشبینی دەكرێت لە سبەی سێ شەممەوە شەپۆلێكی دیكەی بەفر و بارانبارین هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام بێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵک) رایگەیاند: لە ڕۆژی سێ شەممە شەپۆلێکی دیكەی بەفر و بارانبارینی زۆرباش سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە .
ئاماژەی بەوەشکرد، لە نێوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزە و بارانی بەخوڕ هەیە و بەهۆیەوە لە هەندێك شوێن مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو بەتایبەت لە شوێنە نزمانەکان هەیە.
شارەزاكەی كەشناشی ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر تۆمار بکرێت.
وتیشی، كە لە درەنگانی شەوی پێنج شەممە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی كوردستان ئەگەری ڕوودانی دیاردەی چڕی تموومژ هەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی شێ و دابەزینی پلەکانی گەرما .
هاوکات، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکاندا ئەگەری بەفربارینی باش هەیە و پلەکانی گەرماش 3-4 پلەی سیلیزی دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن .
