هۆشداریی لە شەپۆلێکی بەهێزی بارانباران و بەفر؛ مەترسیی لافاو لە چەند ناوچەیەک هەیە
شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری دەدەن لە دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان، کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (٣ و ٤ـی شوبات) بگاتە لوتکە و بڕێکی زۆر باران و بەفر لە ناوچە جیاوازەکان ببارێنێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، بەهۆی هاتنی بڕێکی زۆری شێی خولگەیی و نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلەکە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
ناوچە هەرە کاریگەرەکان (پلە یەک)، تەواوی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین، سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، شەقڵاوە، ئامێدی و کۆیە. لەم ناوچانە بارانی بەخوڕ و لێزمە دەبارێت (٥٠ – ٧٠ ملم) و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لە شوێنە نزمەکان هەیە.
ناوچە مامناوەندەکان (پلە دوو): سەنتەری پارێزگای هەولێر، کەرکوک، دەشتی قەراج، مەخموور و ناوچەکانی بادینان. پێشبینی بارانی مامناوەند بۆ بەهێز دەکرێت بە بڕی (١٥ – ٢٥ ملم).
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، پلەکانی گەرما (٣ بۆ ٤) پلە دادەبەزن، و خێرایی با مامناوەند دەبێت (٢٠-٣٥ کم/ک)، بەڵام لە ناوچەی وەک حاجی ئۆمەران خێراییەکەی ٥٠ کم/ک تێپەڕ دەکات.
بەپێی پێشبینییەکاانی هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شەپۆلەکە تا ئێوارەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. لە درەنگانی شەوی پێنجشەممەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی شێ، ئەگەری دروستبوونی تەمومژێکی چڕ هەیە. پێشبینی دەکرێت ئەم دۆخە ناسەقامگیرەی کەشوهەوا بە چەند قۆناغێکی تر تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە (شوبات) بەردەوام بێت.
لە دهۆک، زاخۆ، سۆران و هەولێر ئەگەری بارانبارین هەیە، بەڵام لە سلێمانی، کەرکوک و گەرمیان ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە پێش هاتنی شەپۆلە سەرەکییەکە.
