سەرۆکی کاتیی سووریا جەخت لە پاراستنی مافە نیشتمانی و سیاسیی و مەدەنییەکانی گەلی کورد دەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا بڵاویکردەوە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام داوە و دوایین پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کرد.
شەرع پابەندبوونی سووریای بە مافە نیشتمانی و سیاسی و مەدەنییەکانی کورد دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو سوورییەکان لەبەردەم یاسادا و مافەکانیاندا یەکسانن.
لایخۆشیەوە مەسعود بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنە گشتگیرەکەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی کردەوە بەجۆرێک گەرەنتی یەکڕیزی و سەقامگیری سووریا بکات.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەش کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە.
