شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی بۆ دۆخی كەشوهەوای هەرێم ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: باران بارین هەرێم دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی دیمەنی ڕاستەوخۆی مانگە دەستکردەکانی کەشناسی لەئێستادا بارسته هەوری بەرز و مامناوەند هاتۆتە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دوای پجڕانی بۆ ماوەیەکی کاتی بەفر و بارانبارین ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە دەستپێدەکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، سەرەتای بارانبارینەکە لەناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک و موسڵەوە دەستپێدەکات درەنگانی ئەمشەو کاریگەری شەپولەکە فراوانتردەبێت دەگاتە تەواوی ناوچەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان.
ڕوونیشی كردەوە، بارانێکی دێمی دەبێت لەنێوان نمەباران بۆ بارانی مامناوەند دەبێت لەناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت.
وتیشی، “ڕۆژانی دوو شەممە و سێ شەممە (٢ و ٣)ی مانگ قۆناغی سێیەمی بەفر و بارانبارین دەستپیدەکات و پێشبینی بارانبارینی زۆرباش دەکرێت لە بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
