لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای ئاڵۆزی و شەڕی نێوان شەرڤانانی کورد و چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا، چەند ڕۆژێکە مووچەی مانگی یەک دابەشکراوە.
رۆژنامەنووس محەمەد ڕەووف، بڵاویکردەوە: زۆرێك پرسیاری ئەوە دەكەن، كە ئایا فەرمانبەرانی رۆژئاوای كوردستان مووچەی مانگی یەكیان وەرگرتووە، ئەمڕۆ پەیوەندیم بە چەند فەرمانگەو كەسێكەوە كرد لە رۆژئاوای كوردستان، وتیان بەڵێ دوو رۆژە مووچەی مانگی یەكی موچەخۆران دابەشكراوە.
دەشڵێت: “لە رۆژئاوای كوردستان دوو جۆر مووچە دابەش دەكرێت، یەكەم ئیدارەی خۆسەر مووچەی مووچەخۆرانی فەرمانگەكان دابەش دەكات، دووەم بەشێك لە فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە مووچەیان پێدەدرێت،كە پێشتریش لەسەردەمی بەشار ئەسەد هەروابوو، ئەوانیش مانگانە مووچە وەردەگرن یاخود لەكاتی ئاڵۆزییەكاندا مووچەكانیان كەڵەكە دەبێت و بە دوو مانگ یان سێ مانگ جارێك دەچن كۆی مووچەی ئەو مانگانەیان وەردەگرن”.
ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەی هەردوو مانگی 10 و 11ی ساڵی ڕابردووشیان نەدرا.
