سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیوادارین ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان.
ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشوازی لە ڕێککەوتنی حکومەتی سووریا و هەسەدە دەکەین.
وتیشی: “هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە، فراوانتر بکرێت و ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی زیاتر و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریا و بە تایبەتی ناوچە کوردییەکان و ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکان بۆ مال و زێد و ناوچەکانی خۆیان”.
مەسرور بارزانی وتیشی: “پشتیوانی گەلی کوردستان لە هەموو جیهان و بە تایبەتی ڕوڵی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە کۆتاییهێنان بە گرژیەکان و گرتنەبەری ڕێگەی دایەلۆگ بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکان، جێگەی شانازییە”.
ڕاشیگەیاند، ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ ڕۆڵی سەرۆک و حکومەت و نوێنەر و کۆنگرێسی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست لە کوتاییهێنان بە گرژیەکان و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و سەقامگیریی لە ناوچەکە.
