تۆم باراک: بەرپرسانی باڵای هەسەدە پێگەی باڵایان لە دامەزراوەکانی سووریادا دەبێت

تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنە گشتگیرەکەی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وەرچەرخانێکی مێژوویی و قووڵە لە کاروانی سووریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی، یەکڕیزی و سەقامگیرییەکی بەردەوام.

وتیشی: ئەم هەنگاوە کە بە وردی گفتوگۆی لەسەر کراوە و لەسەر بنەمای چوارچێوەکانی پێشوو و هەوڵە نوێیەکانی هێورکردنەوەی گرژییەکان داڕێژراوە، ڕەنگدانەوەی پابەندییەکی هاوبەشە بۆ گشتگیری، ڕێزی دوولایەنە و کەرامەتی بەکۆمەڵی هەموو پێکهاتەکانی سووریا.

باراک دەڵێت: ” بۆ حکوومەتی سووریا، ئەم ڕێککەوتنە نیشاندەری پابەندییەکی نەگۆڕە بە هاوبەشیی نیشتمانیی ڕاستەقینە و حوکمڕانیی گشتگیر. لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ تێکەڵکردنی قۆناغ بە قۆناغی پێکهاتە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان لەناو دامەزراوە یەکگرتووەکانی دەوڵەتدا — لە هەمان کاتدا دەستەبەرکردنی دەرفەت بۆ نوێنەرە باڵاکانی هەسەدە تاوەکو لە ئاستە بەرزەکاندا بەشداری بکەن — ئەم هەنگاوە جەخت لەسەر ئەو بنەمایە دەکاتەوە کە هێزی سووریا لە لەباوەشگرتنی فرەچەشنی و وەڵامدانەوەی خواستە ڕەواکانی هەموو گەلانی وڵاتەکەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم شێوازە نەک هەر سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا پتەو دەکات، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی کرانەوە و دادپەروەریش ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات”.

ڕاشیگەیاند، بۆ گەلی کورد، کە قوربانییە بێوێنەکانی و خۆڕاگرییە بەردەوامەکەی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەرگریکردن لە سووریا دژی توندڕەوی و پاراستنی دانیشتووانە لێقەوماوەکان، ئەم ساتەوەختە بایەخێکی تایبەتی هەیە.

تۆم باراک وتیشی: “جێبەجێکردنی ئەم دواییەی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە (١٣) — کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوونی تەواوی سووریای بۆ ئەو کەسانە گێڕایەوە کە پێشتر بەهۆی پەراوێزخستنی مێژووییەوە بێبەش کرابوون، هەروەها ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە تەنیشت زمانی عەرەبی و ڕێگەدان بە خوێندن پێی لە ناوچە پەیوەندیدارەکان و چەسپاندنی پاراستن دژی هەڵاواردن — هەنگاوێکی وەرچەرخانە بەرەو یەکسانی و هەستی نیشتمانی”.

جەختیشی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە نادادییە درێژخانەکان ڕاست دەکەنەوە، جەخت لە پێگەی سەرەکیی کورد لە ناو نەتەوەی سووریادا دەکەنەوە و ڕێگا خۆش دەکەن بۆ بەشداریی تەواویان لە بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام، گەشاوە و گشتگیر”.

نوێنەرەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕاشیگەیاند، ” لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئامانجە هاوبەشەدا، هەردوولا هەنگاوی بوێرانەیان ناوە: حکوومەتی سووریا لە ڕێگەی فراوانکردنی مافەکان و گشتگیرییەکی مانادار، و پێکهاتەی کوردیش لە ڕێگەی قبووڵکردنی چوارچێوەیەکی یەکگرتوو کە ڕێز لە بەشدارییەکانیان دەگرێت و بەرژەوەندییە گشتییەکان بەرەو پێش دەبات”.

تۆم باراک ڕاشیگەیاند، ئەم پەرەسەندنانە پێکەوە ڕێگا خۆش دەکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەکان، گێڕانەوەی متمانە، ڕاکێشانی وەبەرهێنانی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام بۆ هەموو سوورییەکان. سووریا بەو یەکڕیزییەی کە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێزگرتنەوە بەدەست هاتووە، ئامادەیە تا پێگەی شایستەی خۆی وەک مینبەرێکی سەقامگیری و ئومێد لە ناوچەکە و جیهاندا بەدەست بهێنێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە