هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر ئاگربەست و تێکەڵکردنی هێز و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوت.
ئەمڕۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە “ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەدا ئەنجامدرا، کە هاوکات لێکتێگەیشتن لەسەر یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزە سەربازی و ئیدارییەکانی هەردوولا لەخۆگرتبوو”.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ڕێککەوتنەکەدا کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەرکەوتن، جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناوەندەکانی شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و دەستپێکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە، هەروەها پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە لە سێ لیوای هەسەدە پێکهاتووە.
ئەمە جگە لە پێکهێنانی لیوایەکی کۆبانی لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ڕێککەوتنەکە بریتییە لە یەکخستنی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر بە دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ دامەزراندنی هەمیشەیی فەرمانبەرانی حکومی.
جگە لەوەش ڕێککەوتنەکە باس لە مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد دەکات و گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکات.
هەسەدە ڕاشیگەیاند، ئامانجی ڕێککەوتنەکە یەکخستنی خاکی سوریا و بەدیهێنانی یەکگرتنی تەواو لە ناوچەکەدا لەڕێگەی پتەوکردنی هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە.
