“جەنگی مەرجەکان”؛ وەزیری دارایی عێراق بەربەست بۆ مووچەی مانگی یەکی هەرێم دروست دەکات
لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی پارەدارکردنی مووچەی مانگی یەک دەکەن، مەرجە نوێیەکانی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، پڕۆسەکە ڕووبەڕووی دواکەوتن دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای “رووداو” کە لە سەرچاوەیەکی باڵای دارایی عێراقەوە دەستی کەوتوون، تەیف سامی ناردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵی بەستووەتەوە بە ڕەوانەکردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی (١٠، ١١ و ١٢)ـی ساڵی ڕابردوو.
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەم داواکارییانە ڕەت دەکاتەوە و بە “بیانوو بۆ دواخستنی مووچە” ناویان دەبات. ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، کە پێشتر ئەو زانیارییانە نێردراون و بەغداد ڕەزامەندیشی لەسەر داون، بەڵام ئێستا وەزیر جارێکی تر داوایان دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم گۆڕینی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ١٢ بەو شێوەیەی تەیف سامی دەیەوێت بە “نایاسایی” دەزانێت، بەڵام بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر دواکەوتنێکی زیاتر بکرێت، گۆڕانکارییەکانی وەک خواستی وەزیر ئەنجامداوە.
سەبارەت بە مەرجێکی تری بەغداد کە پەیوەستە بە ١٢٠ ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێم، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە یان دووشەممەی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە ئامادە بکرێت، تاوەکو یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچە لاببرێت.
