سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی باکووری کوردستان سکاڵا لە دژی مەلایەکی تورک تۆمار دەکات کە داوای قڕکردن کوردی کردووە و تا ئێستاش وەزارەتی ئەوقافی تورکیا هیچ هەڵوێستێکی دژی مەلا ڕەگەزپەرستەکە نەبووە.
ئیسماعیل هونەرلیجە، کە یەکێکە لە مەلا دیارەکانی گروپی ئیسماعیل ئاغا کە بارەگای سەرەکییان لە شاری ئیستانبوڵە، لە ڤیدیۆیەکدا فەتوای کوشتنی ئەو هاووڵاتییانە دەدات کە چەند رۆژێکە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
ئەو مەلایە لە یەکێک لە وانەکانیدا بە ئاشکرا هانی سوپای تورکیا دەدات بۆ کوشتنی گەلی کورد و دەڵێت: “با سەربازەکانم دەستیان تووند بکەن، با بە زیندوویی نەیانهێڵنەوە. با فەرمانی کوشتن بدەن و هەموویان بکوژن. من دەڵێم فەرمانی کوشتنیان بدەن، ئیدی بەسە.”
هەروەها دەڵێت: “لێبدە سەربازم لێبدە؛ خودا ئازایەتیتان دژی کافرەکان زیاتر بکات. با رەگیان بقڕێندرێت.”
مەلا تورکە ڕەگەزپەرستەکە هێرش دەکاتە سەر خەڵکی رۆژئاوای کوردستانیش و تۆمەتباریان دەکات بەوەی خزمەتی ئەجێندای دەرەکی دەکەن.
تا ئێستا وەزارەتی ئەوقافی تورکیاش هیچ هەڵوێستێکی دژی ئەو مەلا ڕەگەزپەرستە نەبووە.
لە لایەکی دیکەشەوە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕایگەیاند ئەو مەلایە بە ئاشکرا بانگەوازە بۆ تووندوتیژی و هاندانە بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەبارەت بەم گوتارە مەترسیدار و ورووژێنەرانە رێکاری یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کراوە.
