زانایان لەوە نزیک دەبنەوە کە جیاکردنەوەی نێوان مرۆڤ و ڕۆبۆت بکەنە کارێکی ئەستەم، ئەمەش دوای ئەوەی تیمێکی زانکۆی کۆڵۆمبیا سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدانی ڕۆبۆتێک کە دەتوانێت دەم و دەربڕینەکانی دەموچاوی بە شێوەیەک بجوڵێنێت کە بە پلەیەکی بێوێنە لاسایی مرۆڤ دەکاتەوە.
تیمی توێژینەوەکە توانییان ڕۆبۆتێک بە ناوی “ئیمۆ” (EMO) دابهێنن، کە دەتوانێت جوڵەی لێوەکانی لەگەڵ قسەکردندا بە وردییەکی زۆر هاوسەنگ بکات. ئەمەش وادەکات ئەو دیمەنە ناخۆش و “قەلەقکەرە” نەهێڵێت کە زۆربەی کات لەو ڕۆبۆتانەدا دەبینرێت کە هەوڵ دەدەن لە شێوەی مرۆڤ بن بەڵام بە تەواوی وەک ئەو دەرناچن.
زانایان ڕێگەیەکی داهێنەرانەیان بۆ مەشقپێکردنی ڕۆبۆتەکە بەکارهێناوە؛ ڕێگەیان پێداوە لە ڕێگەی ئاوێنەوە سەیری ڕەنگدانەوەی وێنەی خۆی بکات، بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان جوڵەی ٢٦ بزوێنەرە (ماتۆڕ) بچووکەکەی دەموچاوی (کە لە سیلیکۆن دروستکراون) و ئەو دەربڕینانەی دروستیان دەکات، فێر ببێت. هەر یەکێک لەم بزوێنەرانە توانای جوڵەیان لەناو دە پلەی ئازادیدا هەیە.
لە قۆناغی مەشقەکەدا، EMO هەزاران دەربڕینی هەڕەمەکی لەبەردەم ئاوێنەکەدا ئەنجامداوە، بە بەکارهێنانی سیستمێکی ژیری دەستکرد کە بە “نموونەی بینین بۆ کردار” (VLA) دەناسرێت، کە ئەوەی دەیبینێت وەریدەگێڕێت بۆ جوڵەی جەستەیی بێ ئەوەی پشت بە یاسای پێشوەختە ببەستێت.
دواتر زانایان بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر ڤیدیۆی ئەو کەسانەیان نیشانی ڕۆبۆتەکە داوە کە بە زمانە جیاوازەکان قسە دەکەن یان گۆرانی دەڵێن. ئەمەش یارمەتی داوە جوڵەی دەموچاوی بە دەنگەکانەوە ببەستێتەوە، بێ ئەوەی پێویست بکات لە واتاکەی تێبگات. لە کۆتاییدا، ڕۆبۆتەکە بووە خاوەن توانای وەرگرتنی قسە بە ١٠ زمانی جیاواز و هاوسەنگکردنی لێوەکانی بە وردییەکی نزیک لە بێخەوش.
“هود لیپسۆن”، پرۆفیسۆری ئەندازیاری و بەڕێوەبەری تاقیگەی ئامێرە داهێنەرەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، وتی: “لەکاتی مەشقەکاندا ڕووبەڕووی گرفت بووینەوە لەگەڵ هەندێک دەنگ کە پێویستیان بە گردکردنەوەی لێوەکان هەیە، بەڵام ئەدای ڕۆبۆتەکە لەگەڵ کات و مەشقدا بەرەو باشتر دەچێت.”
پێش ڕاگەیاندنی فەرمی، زانایان تاقیکردنەوەیان لەسەر ١٣٠٠ خۆبەخش ئەنجامدا. ڤیدیۆی سێ ڕێگەی جیاوازی جوڵەی دەمی EMOیان نیشان دان. ٪٦٢.٤٦ی بەشداربووان تەکنیکی نوێی (VLA)یان وەک سروشتیترین جوڵە هەڵبژارد، ئەمەش باڵادەستی ئەم مۆدێلە نوێیەی سەلماند.
تیمەکە جەخت دەکەنەوە کە دەربڕینەکانی دەموچاو ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەیوەندی مرۆییدا. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە خەڵک زۆربەی کات سەیری دەموچاوی ئەو کەسە دەکەن کە قسەی لەگەڵ دەکەن، بەتایبەت سەرنج دەخەنە سەر جوڵەی دەم.
لیپسۆن ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆرێک لە گەشەپێدەران تەنها سەرنج دەخەنە سەر جوڵەی دەست و قاچەکان و دەربڕینی دەموچاو فەرامۆش دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ئەم لایەنە زۆر گرنگە بۆ ئەو بوارانەی پێویستیان بە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مرۆڤ هەیە، وەک: پەروەردە، چاودێری تەندروستی، و خزمەتگوزاری بەساڵاچووان.
ئەم دەستکەوتە زانستییە لە گۆڤاری زانستی Science Robotics بڵاوکراوەتەوە.
