ئەبوبەکر عەلی
مەسەلەی پەیوەندی نێوان کوردو ئەمریکا هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، مشتومڕی زۆری لە نێوەندە فیکری و سیاسییە کوردییەکەدا دروست کردووە، جگە لە هەڵوێستی چەپی کوردیی، کە بەگشتیی و بۆ ماوەیەکی زۆر ئایدۆلۆژی و جەوهەر گەرابووە، بە هەورازو نشێوو قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەریوە.کە من لێرەدا باسی ئەمە ناکەم و خواحەزکات لە وتارێکی تردا دێمەوە سەری، بەڵکو دەمەوێت سەرنج بۆ لای گرنگیی لێدوانەکانی سیناتۆری ئەمریکی (لیدنسی گراهام) ڕابکێشم، دەربارەی پرۆژە یاسایەك دەربارەی پارێزگاریکردن لە کورد، کە بەگووتەی خۆی بەنیازە لە داهاتوودا پێشکەش بە کۆنگرێسی بکات.
گراهام پاساوی ئەم هەڵوێست و دەستپێشخەرییەی بەوە دەداتەوە کە کورد لە شەڕی دژ بە داعش و کۆتایهێنان بە خەلافەتەکەی هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا بوون، واتە ڕۆڵیان لاوەکی و تەواوکەر نەبووە، بەڵکو بنچینەیی و دەستنیشانکەر بووە، ئەوەش وا دەکات دەست لێبەردانیان، کار لە ناوبانگ و بەرژەوەندییە نیشتیمانییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بکات.
بەگوێرەی لەم پێناس و وەسفەش، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا ڕوویداوە پەلەی تێدا کراوەو بەرژەوەندییە قووڵ و دوور مەوداکانی ئەمریکای تێدا ڕەچاو نەکراوە. ناشبێت ببێتە ڕێبازو پێشینەیەکی پەیرەوکراو لەسەرئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئەوڵاتانەی کوردیان تێدا دەژیت.
هەر بۆیە ناوبراو دەخوازێت ئەو هەڵەی لە لایەن ئیدارەی ترەمپ و کۆشکی سپییەوە کراوە، کۆنگرێس بە هەردوو حیزبەکەوە لەئاستێکیشدا بێت ڕاستیبکەنەوە و بیکەنە دەرفەت بۆ دەرکردنی یاسایەك بۆ ئەوەی مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ کورد لە چوار چێوەی سات و سەودای کاتی کۆشکی سپی دەربکەن و چوارجێوەیەکی یاسایی پابەندکەری بۆ ئیدارە جیاوازەکان پێ ببەخشن.
لەم چوارچێوەشدا ناوبراو بەنیازە پڕۆژە یاسایەك بخاتە بەردەم کۆنگرێس،،سزای توند بەسەر هەر گروپ و حکومەتێکدا بسەپێنێت، لە کردەوەی دوژمنکارانە دژ بە کورد تێوە گلابێت.
کە ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە سەر بگرێت، بۆ کوردو خۆرهەڵاتی ناوەراستیش دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی، چونکە لە ئاستێکیشدا بێت، هاوشێوەی یاسا پەیوەندیدارەکان بە پرسی بە دژایەتیکردنی سامی پەیوەندیدار بە جولەکەکان دەبێت.
بۆ یەکەم جاریش کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لە دەرەوەی دەوڵەتەکان و سەروەریانەوە وەك نەتەوەو هێزێکی هەرەشەلێکراوی متمانە پێکراو مەترەح دەبێت و دانی پێدا دەنرێت و بەواتایەك لەواتاکان پارێزگاریشی لێ دەکرێت، بەتایبەتیش ئەگەر تەنها قەتیس نەبێت بەسوریاو کوردی ئەو بەشەو بۆ کۆی کورد بێت لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان و دنیادا.
یاسایەکی لەم جۆرە بە برگەو ماددەی بەهێزەو جێبەجێکەرەوە دەربچێت، لە ئاستێکیشدا بێت شوێنی بێ دەوڵەتیی بۆ کورد پڕ دەکاتەوە، چونکە جۆرێك لە پارێزبەندیی پێدەبەخشێت، زەمینەش ساز دەکات بۆ ئەوەی لەداهاتوودا، کێشەی کوردو مەسەلەی کوردستان بە نێودەوڵەتی ببن ودانیان پێدا بنرێت. لە هەردەرفەتێکی هەڵکەوتووشدا، لە سەر ئاستی پارچەیەك یاخود گەورەتردا دەوڵەتی کوردستان ببێتە ئەگەرێک مێژوویی بەردەممان.
هەر بۆیە گرنگە کورد بێ دواکەوتن بێتە سەر خەت، لۆبی خۆی و دۆستەکانی بخاتە گەر بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەرییەکەی و خاوەنەکەی و کاریگەربوون لە داڕشتنی ماددەکانی گرنگە دام و دەزگاو پارت و هێزە کوردستانییەکان بە دەرکردنی بەیاننامە، پشتیوانی لە پرۆژەکە بکەن. چەندین یاداشت بەهەزاران ئیمزاوە ئاراستەی سەناتۆری ناوبراوو کۆنگرێس بکرێت( هەڵبەت ئەم بەشەیان بۆهەموو ئەو کەسانەش ڕاستە کەپشتی کورد دەگرن و باسی دەوڵەتی کوردستانیان وروژاندووە).
لە گۆرەپانی خۆپیشندانەکانیشەوە دەنگدانەوەی هەبێت، تێکەڵ بە درووشم و داواو بەییاننامەی خۆپیشاندەران ببێت.
بۆ ئەوەی پشتیوان بین لە ڕێی ئەمریکای دووەمەوە هەڵەی ئەمریکای یەکەم ڕاستبکرێتەوەو تێبگەین لەوەی لانی کەم لەهەندێ کات ودەرفەتدا زیاد لەئەمریکایەکمان هەیە.
بەوەش جارێکیتر ئەمریکا لە سەرچاوەی حەسرەت و هەست بە بێکەسی هەندێکمانەوە بکەینەوە بە دەرفەت؟
