موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل ڕایگەیاند، ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان پیلانگێڕییەکە کە تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئوردن، هەروەها هێزە نێونەتەوەییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پەسەندکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی هاوپەیمانی نێودەولەتی بەرامبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کردوویەتی خیانەتە و ستایشی هەڵوێستی گەنجانی کوردیشی کرد بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان.
“وەک دەزانرێت ٦ـی کانوونی دووەم هێرشێکی بەرفراوان دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێ کرد، سەرەتا بە هێرشکردنە سەر حەلەب دەستی پێ کرد. ئێوە لە ڕاگەیاندراوی ١٨ـی کانوونی دووەم دووپاتتان کردەوە کە ئەمە پیلانگێڕییە. دەتوانن زیاتر شرۆڤەی بکەن؟
لە شەڕی حەلەبەوە، بیست ڕۆژە لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەڕ و بەرخۆدانێکی گرنگ و مێژوویی هەیە. لە کەسایەتی هەڤاڵ زیاد حەلەب و دەنیز چیا، بە ڕێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدانی ئەو بەرخۆدانە بیردەهێنمەوە، ئەو بەڵێنە دووپات دەکەمەوە کە بە شەهیدانی شۆڕشی کوردستانمان دابوو. لە هەمان کاتدا سبەی (٢٦ی کانوونی دووەم) یانزەهەمین ساڵیادی سەرکەوتنی کۆبانێیە. سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنێکی گرنگ و گەورە بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئەو بەرخۆدانە مێژووییەیان ئەنجامدا و گەیاندیانە سەرکەوتن. لە کەسایەتی هەڤاڵ گەلهات و ئاریندا، بە ڕێزەوە شەهیدانی بەرخۆدانی کۆبانێ بیرەهێنمەوە و ئەو بەڵێنە دووپات دەکەمەوە کە داومانە بە شەهیدە قارەمانەکانمان.
شەپۆلی هێرشەکان کە لە حەلەب دەستی پێکرد و بە هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوادا بڵاوبووەوە، ئەم هێرشەی حکومەتی دیمەشق دژی کورد دەستیپێکرد، هێرشێکی ئاسایی نییە. چوارچێوەیەکی فراوانتری هەیە. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دەیانویست لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سایکس-بیکۆ دیزاینی هەرێمەکە بکەن. لەو کاتەدا ئەم دیزاینە لە سووریاوە دەستی پێکردووە. لەم ڕووەوە سووریا گرنگییەکی هەیە لە هەرێمەکە. ئێستا بۆ دیزاینکردنەوەی هەرێمەکە، لە سووریاوە دەستیان پێکردووە. پێش ئەمەش لە عێراق و هەندێک ناوچەی تر هەوڵیان دا، بەڵام شکستیان هێنا. دیارە ئێستا بە پێشەنگایەتی کادرێکی سەلەفی، بە ناوی جۆلانی، دەیانەوێت دەوڵەتێک دابمەزرێنن و لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا حکومەتێک دابمەزرێنن. بەم شێوەیە دەیانەوێت دیزاینی سووریا و هەرێمەکە تەواو بکەن.
لەنێوان قەسەدە و حکومەتی دیمەشقدا دیالۆگ هەبوون. پێشتر کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ٤ـی کانوونی دووەم هەبوو و بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بینرا، نزیک بوون لە گەیشتن بە ئەنجامێک. بەڵام دەستوەردان لەم کۆبوونەوانە دەکرێت و کۆبوونەوەکە تێکدەدرێت. ڕۆژێک دواتر و لە ٥ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەیەک لە پاریس بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا بوو، بەڵام تورکیاش لە ڕێگەی سووریاوە بەشداری کرد. دوای ئەم کۆبوونەوەیە، لە ٦ی کانوونی دووەم هێرشەکان بۆ سەر حەلەب بەبێ هیچ هۆکارێک دەستی پێکرد. پاشان سەرەڕای دەستێوەردانی زۆر بۆ وەستاندنی شەڕ و ئەنجامدانی ئاگربەست، بەڵام ئەوان پابەندنەبوون و هێرشەکان بەردەوام بوون.
ئەمە بەڕوونی پیلانگێڕیی و پیلانێکی گەورەیە. دەوڵەتانی هەرێمەکە وەک تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئوردن و هێزە نێونەتەوەییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا ئەم پیلانەیان پەسەند کردووە. پێشتر دەرکەوتووە کە ئەوان پێشوەختە خۆیان بۆ ئەمە ئامادە کردووە. بە واتایەکی تر هەموو ئەم کۆبوونەوانە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم بابەتە ئەنجامدران، بەڵام لە جەوهەردا دیزاینێکی نوێ هەیە. دیارە لەم دیزاینەدا جێگەی کورد نییە. سەیرکەن؛ لە سووریا، جۆلانی سەرۆکی (دەستەی تەحریر شام) هەتەشەیان هێنایە دیمەشق و دەیانەوێت دەوڵەتێکی نوێ لە دەوری ئەم کەسە بنیات بنێن، بەڵام قەسەدە لە دەرەوە دەهێڵنەوە کە لە کورد و عەرەب و ئاشووری-سریانی و گەلانی دیکە پێکهاتووە و سووریای لە دەستی داعش ڕزگارکردووە. لە هەلومەرجی ئاساییدا دەبوو هاوپەیمانییەک هەبوایە. واتە دەبوو پێکەوە دەوڵەتێکیان پێکهێنابا. بەڵام نەیانکرد؛ کوردەکانی ڕۆژئاوایان وەدەرنا. لێرەوە، دەرکەوت لە دیزاینە نوێیەکەدا جێگەی کورد نییە. واتە هەروەک دوای جەنگی جیهانی یەکەم، لەناو دیزاینە نوێیەکەدا جێگەیەکیان بە کورد ڕەوا نەبینیووە. دوای جەنگی جیهانی دووەم کوردیان خستە دەرەوەی دیزاینەکە و مەهاباد ڕوویدا. ئێستا دەیانەوێت ڕۆژئاوا بکەنە مەهابادێکی نوێ، واتە جێیەک بۆ کورد لەم دیزاینە نوێیەدا نییە. بۆیە ئەم هێرشە هێرشێکە بۆ سەر هەموو کورد. نابێت کەس خۆی فریو بدات. ئەمڕۆ بەرخۆدانی قارەمانانی یەپەگە-یەپەژە-قەسەدە بۆ هەموو کوردێکە.
لە هەمان کاتدا ئەم پیلانگێڕییە هاوشێوەی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتە. وەک چۆن پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ لە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان ئەنجامدرا، پیلانگێڕییەکی ئەمڕۆش هەمان شتە. ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ بانگەوازێکی کرد، بنەمای ئەم بانگەوازە چییە؟ خوشک-برایەتی و ئاشتی نێوان گەلان هەیە. ئەم پیلانگێڕییە دوژمنایەتی نێوان گەلان بەرەوپێش دەبات. کوا ئەم ئاشتییە! بۆیە ئەم هێرشە هێرشێکە لە دژی ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە. بەم شێوەیە دەیانەوێت پرۆسەکە بێ واتا و پووچەڵ بکەنەوە. ڕەنگە ئێستا ئەمە بابەتی ئێمە نەبێت، بەڵام دەتوانم ئەمە بڵێم: پێویستە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک، سەرۆککۆمار ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی ئەوە بزانن؛ لە سەر تەرمی ڕۆژئاوای کوردستان ئاشتی لەگەڵ کورد بەدی نایەت. واتە تۆ لە ڕۆژئاوا قڕکردن وێرانکاری ئەنجام بدەیت، بەڵام باکوور یان کورد بەگشتی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بکات و خوشک-برایەتی بەرەوپێش ببات! ئەمە نامومکینە. بۆیە ئەگەر بەڕاستی خوشک-برایەتی و ئاشتی دەخوازرێت، دەبێت دەوڵەتی تورک دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بێت و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بکات.
بەکورتی ئەم هێرشە ڕەهەندی نێونەتەوەیی و هەرێمی هەیە، پیلانگێڕییەکی فراوانە دژی کورد. گەلەکەمان هەستی بەم شتە کرد و ئەگەر سەرنج بدەن، سەدان هەزار کەس لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات ڕژانە سەر شەقامەکان. بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە هەموویان دەکەم. ئەوەی بەباشی هەست بەم پیلانگێڕییە دەکات، گەلەکەمانە. لە ڕاستیدا ئەم هێرشە هێرشێکی گەورە و فراوانە.
هەندێک لایەن باس لەوە دەکەن، پرۆژەکەی قەسەدە لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی گەلانی کورد و عەرەب و سریان شکستی هێناوە، دەڵێن ئەمە هەڵەیە و ڕەخنەی دەکەن. دەڵێن عەرەبەکان هەڵوێستی خۆیان گۆڕیوە و پشتیان کردووەتە قەسەدە. لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
ئەمە هەڵوێستێکی نەتەوەپەرست و بەرتەسکە. خوشک-برایەتی گەلان و هێڵی نەتەوەی دیموکراتیک، هەڵە نییە. ئەوەندەی بزانین، قەسەدەش هەوڵدەدات لەسەر ئەم بنەمایە بجووڵێتەوە. سیستەمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای سیستەمی فیوداڵی و چینی دەسەڵاتدار نییە، سیستەمێکە لەسەر بنەمای زەحمەتکێشانی عەرەب-کورد-ئاشوری-سریانی بنیات نراوە. ئەوانەی پشتیان کردە قەسەدە ئەم چینە دەسەڵاتدارە و سەرۆک عەشیرەت و شێخەکان بوون؛ ناتوانین بڵێین هەموو عەرەبەکان بەو جۆرەن. وەک ئەوەی بیستوومانە، هێشتاش چەندین شەڕڤانی عەرەب لەنێو ڕیزەکانی قەسەدەن و شەڕدەکەن و چەندین شەهیدیان بەخشیووە.
شێخەکانی عەرەب زیاتر سەیری هاوسەنگییەکان دەکەن. کێ بەهێز بێت لایەنگریی ئەو دەکەن. سەردەمێک ڕژێمی بەعس بەهێز بوو، لایەنگری ئەو بوون؛ پاشان داعش هات و پەیوەندییان پێوە کرد، پاشان کە بینییان قەسەدە بەهێزە، پشتگیریان لە قەسەدە کرد. بەڵام لەم دواییانەدا کاتێک زانیان ئەمریکا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە قەسەدە ناکەن، یەکسەر هەڵوێستی خۆیان گۆڕی. سعودیەش لەم کارەدا ڕۆڵی هەیە. هێشتا هەموو شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان خراپ نین. بۆ نموونە سەرۆک عەشیرەتی شەمەر، حمێدی دەهام هەبوو؛ پیاوێکی بەڕێز و دیموکراتیک بوو. کۆچی دوایی کرد. خوای گەورە ڕەحمی لێ بکات. بەکورتی خەڵکێکی وەها شکۆدار و چاک هەن و ئێستاش شەمەر، تەی، جبوور و هتد، زۆر عەشیرەت هەن کە سەد ساڵە لەگەڵ کورددا ژیاون. بە واتایەکی تر دەبێت هاوکاری کورد و عەرەب بەردەوام بێت، پێداگری لەسەر خوشک-برایەتی لەگەڵ کورد بکرێت. دەبێت ئەوانەی بەهەڵە بیردەکەنەوە و دژی خوشک-برایەتی عەرەب و کوردن، لەم بۆچوونە هەڵەیە بکشێنەوە. ئەمڕۆ پلانێکی نێونەتەوەیی هەیە و نابێت کەس ببێتە ئامرازی ئەم پیلانە، خوێنی گەلان نەڕێژرێت، دەبێت هەمووان خوشک-برایەتیی گەلان بەبنەما بگرن. ئەمە بانگەوازمانە بۆ عەشیرەتە عەرەبەکان و هەمووان.
هەندێک لایەن دەڵێن کە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، هاوکاری قەسەدەیان کرد، قەسەدەیان بەکارهێنا و پاشان قەسەدەیان فرۆشت. ئەمە ڕاستە؟
ئەگەر قەسەدەیان کڕی بێت، دەتوانن باس لە فرۆشتنی قەسەدە بکەن. ئاشکرایە قەسەدەیان نەکڕیووە تا بیفرۆشن. ئەم شرۆڤانە ڕاست نین. نە کڕین هەیە نە فرۆشتن. ئەوەندەی ئێمە دەزانین، قەسەدە ستراتیژی هێڵی سێیەمی هەڵبژارد و درێژەی پێ دا. ڕەنگە هەندێک کەموکوڕی لەم ڕووەوە هەبێت، بەڵام دەزانرێت کە ڕێبازە گشتییەکەی بەم ئاراستەیە بووە. شەڕێک لە دژی داعش هەبوو و لەسەر بنەمای ئەم شەڕە بەشێک لە عەرەبەکان، ئاشووری-سریانەکانیش پەیوەندییانکرد بە هێزەکانی قەسەدەوە. هاوپەیمانی نێونەتەوەییش هاوپەیمانییەکی تاکتیکی لەگەڵ قەسەدە پێکهێنا. بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر دەیان جار ڕایانگەیاندووە کە ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی تاکتیکییە. تاکتیک واتای چییە؟ واتە ڕۆژێک دێت ئەم پەیوەندیی و هاوپەیمانییە دەپچڕێت.
بەڵام مرۆڤ دەبێت ئاماژە بەم شتە بکات: سیستەمێکی دیموکراتیک لەوێ هەبوو. ئەم سیستەمە لە دژی هەموو جۆرە پاشڤەڕۆییەک تێدەکۆشا. هاوپەیمانی نێونەتەوەیی، کە ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕۆڵیان تێدا هەبووە، بەردەوام ڕایدەگەیەنێت کە لەگەڵ دیموکراسیدایە و دەڵێ “ئێمە پشتیوانی لە ئازادیی گەلان و مافی گەلان دەکەین” بەڵام لە سووریادا بینرا، پشتگیرییان لە ڕێکخراوێکی سەلەفیی کرد کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ قاعیدە، پشتیوانیان لە قەسەدە نەکرد و بەتەنها جێیان هێشت. ئەمە دووڕووییە. بەم شێوەیە ڕێگەیان دا شەپۆلی سەلەفییەکان جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا بەهێزتر بێت و داعش جارێکی دیکە ببێتە بەڵایەک بەسەر جیهانەوە. چونکە ئەم سیاسەتەی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دەرگای بەڕووی ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ و شەپۆلی سەلەفیدا کردەوە و هێنایە سەر دەسەڵات و بەهێزی کرد. هێندەی تر بەهێزی دەکات. ئەوان بە پاساوی “شیعەکان دەوەستێنین” ئەم کارەیان کرد و ئەمە ڕاست نییە.
لە بەرانبەردا، قەسەدە لە شەڕی داعشدا زیاتر لە ١٣ هەزار شەهیدی بەخشی. بەم شێوەیە ڕێگا بۆ داعش دەکەنەوە. ئایا شەڕی داعش بێمانا بوو؟ بێگومان نەخێر. دیارە تا ئێستا ئەم هێزە نێونەتەوەییانە هاوپەیمانییەکی تاکتیکییان لەگەڵ هێزەکانی قەسەدە دژ بە داعش پەرەپێداوە و ئێستا دەستبەرداری ئەم هاوپەیمانییە بوون. بێگومان ئەمە خیانەتە. بەڵام ئەگەر بگوترێ “پەیوەندییەکی ستراتیژی بووە، بۆیە گەیشتە ئەم ڕەوشە”، بەهیچ جۆرێ وا نییە. بەڵێ ئەوە زانراوە کە قەسەدە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ زۆر هێز، سیاسەتی هاوبەش پەیڕەو دەکات، ڕاست بێت یان هەڵە، ئەمە سیاسەتی ئەوانە.
وەک تەڤگەرەکەمان، ئێمە هەرگیز باوەڕمان بەو جۆرە پەیوەندییە لەگەڵ دەوڵەتەکاندا نەبووە. هەر بۆیە ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی هەمیشە سیاسەتێکی سەربەخۆمان لە هەرێمەکەدا، واتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو کردووە. پێویستە هەمیشە پشت بە هێزی جەوهەریی خۆمان ببەستین، لەبری دەوڵەتەکان، پشت بە ڕای گشتی ببەستین. ڕای گشتی ئەمڕۆ هێزێکە. هەروەها دەتوانێت دەنگی بەسەر دەوڵەتەکاندا بسەپێنێت. مرۆڤ ناتوانێت متمانە بەم دەوڵەتە سەرمایەدارییانە بکات. چونکە سەرقاڵی بەرژەوەندی خۆیانن. نموونەی ئەمە جارێکی دیکە لە ڕۆژئاوا دەرکەوت. ئێمە بەم شتە سەرمان سوڕ نەما؛ پێشتر ڕوون بوو کە ئەمە خەسڵەتی ئەوانە. ئەم جۆرە هێزانە ناوەڕۆکی مەسەلەکە لەبەرچاو ناگرن، سەیری بەرژەوەندی خۆیان دەکەن و بەو پێیە مامەڵە دەکەن.
لێرەوە دەمەوێت شتێکی تر بخەمەڕوو: وەک تەڤگەری ئاپۆیی، ڕاستە تا ئێستا لەسەر هێڵێکی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مامەڵەمان کردووە، بەڵام ڕەوشێکی کێشەدار و نەخۆشانە لای دەسەڵاتدارانی تورکیا و چاپەمەنی تورکیادا بەدی دەکرێت. هەرکاتێک ڕاپەڕینێکی کورد بۆ ئازادی سەریهەڵداوە، ئاماژەیان بە هێزە دەرەکییەکان کردووە. بەم شێوەیە دەیانەوێت نیشانی بدەن کە تەڤگەرەکەمان پەیوەندی بە دەرەوەوە هەیە. بێگومان هەموو ئەمانە درۆن. ئێمە هەمیشە لەسەر بنەمای هێزی جەوهەری خۆمان جووڵاوینەتەوە. ئێستا وایە و لە ڕابردووشدا وا بووە. بۆیە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی تورکیا سەبارەت بەم بابەتە هەمووی درۆیە. دیارە کێ سەربەخۆ مامەڵە دەکات، کێ پشتگیری لە دەرەوە وەردەگرێت و دەیەوێت گەلان بچەوسێنێتەوە.
گوتت، هێزی هەرێمی و نێونەتەوەیی لەپشت شەڕی سووریاوە هەیە، بەڵام لەڕاستیدا کێن ئەو شەڕە بەڕێوەدەبەن؟
ئەوانەی لە پراکتیکدا ئەم کارە ئەنجام دەدەن هەتەشە، دەوڵەتی تورک و داعشە. ئایا داعش لەسەر مێز دانیشتووە یان نا نازانین، بەڵام ئەوەی بە هەموو ئەو شتانەی هەیەتی بەشداری ئەم شەڕە بووە داعشە. چەتەکانی داعش شان بە شانی یەکتر شەڕ دەکەن.
هەروەها دەوڵەتی تورک ناوبەناو ڕاگەیاندراو دەدات و دەڵێت، ‘ئەگەر حکومەتی سووریا داوای هاوکاری بکات ئامادەین’، بەڵام بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان ئەمە دەڵێن. دەوڵەتی تورک لەم شەڕەدایە و ئەمە ناشاردرێتەوە. پرسەکە پلانی دەوڵەتی تورکە؛ ئەوانەی بەڕێوەی دەبن و پشت پەردەی بەرپرسانی تورکن. هەروەک چۆن چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سووریا (SNA) کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕێکخراون لە نێو ئەم شەڕەدا ، سەربازە هێزە تایبەتەکانی سوپای تورکیش لەم شەڕەدادان. دیسانەوە ئەو چەکانەی کە بەکارهێنراون، زرێپۆشەکان و هتد، بەشێک لە ئۆتۆمبێلە تەکنیکیەکان لەلایەن سعودیەوە دابینکراوە، بەشێکی بەرچاویش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەردەگیرێت. لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سیخوڕی و فڕۆکەی بێفرۆکەوانی شەڕ چاودێری دەکات و هەرکاتێک هەتەشە-داعش بکەوێتە تەنگاوییەوە هاوکارییان دەکات. بە کورتی دەوڵەتی تورک ناتوانێت پەیوەندی خۆی بەم شەڕەوە بشارێتەوە. ئەمە ڕاستییەکە.
دیارە دەوڵەتی تورک هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، نایانەوێت سیستەمێک لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی گەلانی عەرەب-کورد-ئاشووری-سریانی لە سووریا گەشە بکات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەیانەوێت ئەم سیستەمە لەناوببەن.
پێرفۆرمانسی قەسەدە کە لە شەڕی ئێستادا بەڕێوەچوو چۆن دەبینن؟ زۆر کەس خاوەندارێتی لە شەڕڤانان دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک لایەن هەن کە هەوڵ دەدەن وەک شکست نیشانی بدەن. چی دەڵێیت لەسەر ئەم بابەتە؟
میدیای تورک و میدیای هەندێک وڵاتی دیکە سەبارەت بەم پرسە شەڕی دەروونی ئەنجام دەدەن. هەوڵدەدەن قەسەدە وەک شکستخواردوو نیشان بدەن. ئەوندەی چاودێری دەکەین، ئەم جۆرە شڕۆڤانە ڕاست نین. قەسەدە شکستی نەهێناوە؛ لەسەر قەسەدە هێرشێکی بەرفراوان هەیە هێشتا و بەرخۆدان دەکات. پیلانگێڕییەک هەیە و قەسەدە لە بەرانبەر ئەم پیلانگێڕییە بەرخۆدان دەکات. بێگومان ڕەنگە کەم و کوڕی و هەڵەی خۆی هەبێت؛ لە ئێستادا ئەمە نازانین، بەڵام ئەوەی دەیزانین ئەوەیە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیلانگێڕییەکی گەورە لە دژی قەسەدە هەیە و لەم پیلانگێڕییەدا هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا هێزەکانی قەسەدەی بە تەنها جێهێشتووە و ڕێگەی بۆ هێرشکردن خۆشکردووە. پەیوەیست بەمەوە هەندێک لە ڕیشسپیانی عەرەب و لایەنی دیکە بەرەی خۆیان گۆڕیوە. باشترین شت کە لەم بارەیەوە بگوترێت بڕیاری فەرماندەیی قەسەدەیە بۆ کشانەوە لە هەندێک ناوچەی عەرەبی. ئەگەر پێداگرییان لەسەر مانەوە لەو شوێنانە بکردایە، ڕەنگە ئێستا دۆخەکە جیاواز بووایە.
کاتێک لە داهاتوودا زانیاری زیاتر پێشکەش دەکرێت، دەتوانرێت هەڵسەنگاندنی ورد بکرێت و بابەتی ڕەخنە سەرهەڵبدات، بەڵام بە کورتی پێویستە لێرەدا ئەمە بگوترێت:
بە وردی نازانین کەی ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و فەرماندەیی قەسەدە هەستیان بەم پیلانگێڕییە کردووە، بەڵام ڕوونە کە لە کاتی خۆیدا هەستیان پێ نەکردووە. لێرەوە دەتوانرێت دیاری بکرێت؛ ئەگەر دووربینییەکی قووڵ هەبوایە، ئەوا دەکرا دۆخەکە بە شێوەیەکی جیاواز هەڵسەنگاندنی بۆ بکرایە. هەربۆیە دەبوو زۆر زووتر هەستی پێبکرایە. ڕەنگە ئەمە خاڵێکی ڕەخنە بێت. ئەگینا کشانەوەکە بڕیارێکی هەڵە نەبوو. چونکە قەسەدە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ـی ئادار واژۆ کرابوو، ڕازی بووبوو لەو هەرێمانە بکشێتەوە، باشە بۆچی دەستبەجێ نەکشایەوە؟ چونکە قەسەدە لەسەر ئەم پرسە ڕایگەیاندبوو کە چاوەڕوانی بەدیهاتنی ڕێککەوتنەکەن و واژۆکردنن. بە واتایەکی تر ڕوونە کە ئەوان دەیانویست وەک کارتێک لە کۆبوونەوەکاندا بە دەستی خۆیانەوە بیگرن، هەربۆیەش دەیانگوت ‘دوای واژۆکردنی دەکشێینەوە’، بەڵام لەبەرئەوەی پیلانگێڕییەک هەبوو، ئەو هێزانە لە بەرانبەردا چاوەڕوانی واژۆکردنی فڵان نەبوون. تەنانەت بژاردەکانی گواستنەوەشیان جێبەجێ نەکرد. ئێمە هەرگیز لە قەسەدەمان نەبیستووە کە بڵێت ‘ئەمە کوردستانە، هەمیشە لە دەستی ئێمەدا دەبێت’. ئەمە لە ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئادار کە واژۆ کراوە هەیە.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە؛ کشانەوەی قەسەدە لە تەبقە، ڕەقە و دێرەزوور هەندێک لایەنی پیلانگێڕییەکەی ئاشکرا کردووە. پیلانگێڕییەکە چی بوو؟ بۆ ئەوە بوو ئەم شەڕە بکاتە شەڕی کورد و عەرەب. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە-لە میدیاکانی تورکیشدا بڵاوکراوەتەوە-کاتێک قەسەدە لە ڕەقە کشایەوە، هێزەکانی هەتەشە هێشتا نەچوونەتە ناو شاری ڕەققە. بەڵێ، ڕەنگە لەگەڵ شتگەلێکی وەک ڕووخانی سەرەتایی پردەکە، لە میدیاکاندا نیشان درا کە بەرگرییەکانیان مسۆگەر کردووە و پێگەی خۆیان گرتووە، بەڵام دواتر کە بینییان لەوێ ڕووبەڕووی گەل دەبنەوە، ئەگەر دژی هۆزەکان شەڕ بکەن، هەزاران کەس دەکوژرێن و ئەمەش لە ڕووی ستراتیژیشەوە هەڵەیە، پێش ئەوەی چەتەکانی هەتەشە بگەن، لە شاری ڕەقە کشایەوە. لێرەدا ئەم کشانەوەیە هەڵە نەبوو.
ئەم کشانەوەیە پلانەکانی ئەوانی پوچەڵکردەوە. دەبێت ئەمە ببینرێت. دەڵێن قەسەدە شکستی خواردووە. ئاخر قەسەدە بڕیاری شەڕی لەو شارانە نەدا؛ بڕیاری کشانەوەی دا. ئێستا قەسەدە بۆ سنووری کوردستان کشاوەتەوە و لێرە نیشتەجێ بووە. ئەوەندەی دەبینین نزیکەی هەفتەیەک تێپەڕیوە کە چەتەکان هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەست نەهێناوە. لەوێ بەرخۆدان هەیە. ئەوەندەی ئێمە دەزانین و چاودێری پێرفۆرمانسی قەسەدە بە ڕوونی لەم شەڕەدا دیارە. هەروەها لە چەتەکان ئەزموونیان زیاترە. لەوانەیە ئەو چەتانە تەکنەلۆژیای گەورەیان هەبێت، لایەنگریان هەبێت، گرووپێکی گەورەن؛ ئەمە ڕاستە، بەڵام لە شەڕدا لە گۆڕەپانی قەسەدە، قەسەدە دەتوانێت کوردستان بپارێزێت، دەتوانێت لەم شەڕەدا بەرخۆدانێکی مەزن و مێژوویی نیشان بدات و سەرکەوێت. نمونەی ئەمەش زیندانی ئەتقانی ڕەقەیە. لەوێ هێزێکی بچووکی قەسەدە هەبوو. چەتەکانی هەتەشە ئەوشوێنەیان گەمارۆدا.
بۆ لەناوبردن و ناچارکردنی هێزەکانی قەسەدە لەوێ بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بە هەموو جۆرە چەک و تەکنیکێک هێرشیان کرد، بەڵام شکستیان هێنا. دواتر چی ڕوویدا؟ هێزی قەسەدە لە ناوەوە بە ڕێککەوتن دەرچوو. بە واتایەکی تر قەسەدە دەتوانێت بە ڕۆحی خۆی بەرخۆدان بکات. هەربۆیە دەبێت ڕای گشتی و گەلەکەمان ئەم ڕاستییە ببینن. هێشتا سەرکەوتن و شکستێک نییە. بەرخۆدان هەیە و بەردەوامە. هەروەها دەبێت گەلەکەمان بە بەهێزی پشتیووانی ئەم بەرخۆدانە بکات.
لە سەرەتاوە ڕاتانگەیاند کە سبەی ١١هەمین ساڵیادی ساڵیادی سەرکەوتنی کۆبانێیە، بەڵام ئەمڕۆ کۆبانێ هەر وەک ١١ ساڵ لەمەوبەر گەمارۆ دراوە. شەڕڤانان و گەل ئیرادەیەکی گەورە نیشان دەدەن. شەڕڤانان لە زۆر شوێن بەرپەرچی هێرشەکانی هەتەشە، داعش و دەوڵەتی تورکیایان داوەتەوە. سەرەڕای ئەو دۆخە سەختە، گەل بە ئیرادەیەکی زۆرەوە پشتیووانی بەرخۆدان دەکات. ڕات چییە لەسەر ئەمە؟
سەرەتا بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو لە گەلەکەمان لە کۆبانێ دەکەم. سەری ڕێز بۆ بەرخۆدان و هەڵوێستیان نەوی دەکەم.
ڕاستە؛ سبەی ١١هەمین ساڵیادی ساڵەی ڕزگارکردنی کۆبانێیە. لەوێ بەرخۆدانێکی مێژوویی ڕوویدا. سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست هات. ئەو سەرکەوتنە هەموو مرۆڤایەتی لە بەڵایەکی گەورە ڕزگار کرد. چونکە دواتر تا ڕەقە ڕۆیشتن و پایتەختی داعش لەناوبرا. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی داعش. بە واتایەکی تر گەلی کۆبانێ و منداڵەکانی خزمەتێکی گەورەیان بە هەموو مرۆڤایەتی کرد. ئەو بەرخۆدانە پیرۆزە بەدەست هات. ڕەنجی زۆر لایەنیش هەبوو. ڕەنجی ئەنتەرناسیۆنالیستەکانیش هەبوو، ڕەنجی هەموو بەشی کوردستان هەبوو، بەڵام ئەم بەرخۆدانە لەسەر جوگرافیای کۆبانێ پەرەی سەند و گەلی کۆبانێ ڕەنجێکی مەزنیان دا. هەربۆیە زۆر ئازیز و قارەمانە.
بەڵام وەک ئاماژەت پێکرد تا ئەمڕۆش کۆبانێ لەژێر گەمارۆدایە. لە بەرانبەر ئەم گەمارۆدا هەموو ئەوانەی دەڵێن “منیش مرۆڤم، منیش کوردستانیم” و هەموو ئەوانەی دەڵێن “من ویژدانم هەیە، لایەنگری دیموکراسی و ئازادیی گەلم” لە هەر شوێنێکی جیهان بن، نابێت کۆبانێ بە تەنها جێبهێڵن و دەبێت پشتیووانی کۆبانێ و ڕۆژئاوا بکەن. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو چەتانەی لە کۆبانێ گورزیان خوارد و لێیان کوژرا و گەمارۆی کۆبانێیان داوە چاوەڕوانی توڵەکردنەوەن. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕێگایان بۆ بکرێتەوە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. بەناوی خۆمەوە متمانەی تەواوم بە هێزەکانی پاراستن و شەڕڤانانی یەپەگە-یەپەژە و قەسەدە تا کۆتایی هەیە؛ کۆبانێ دەپارێزن. ئەوان شوێنکەوتووی بەرخۆدانی ٢٠١٤-٢٠١٥ن. بە کەلتووری سەرکەوتنەوە گەورە بوون؛ ئەزموونیان هەیە. هەربۆیە کۆبانێ دەپارێزن، بەڵام ئەگەر ئەو چەتانە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. هەربۆیە دەبێت هەمووان خاوەندارێتی لە کۆبانێ بکەن و شەڕڤانان بە تەنها جێ نەهێڵن.
گەلی کۆبانێ لە ئێستادا لە دۆخێکی سەختدان. هەروەها هەستیان پێ دەکەم و لەگەڵیانم. ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی سەرماوە پێنج منداڵ گیانیانلەدەستداوە. لە ژیانی ڕۆژانەدا سەختی هەیە، بەڵام پێمان وایە گەلی قارەمانی کۆبانێ بە شانازییەوە لە بەرانبەر هەموو سەختییەکاندا بەرخۆدان دەکات.
وەک فەرماندەیەکی کۆبانێ لە میدیادا گوتی، “دەبێت باوەڕیان بە هێزی خۆتان هەبێت”. ئەمە ڕاستە. نابێت باوەڕمان بە دەوڵەت بەڵکوو بە هێزی خۆمان هەبێت، بەڵام دەبێت باوەڕمان بە پشتیووانی بازنە چەپەکانی سۆسیالیستی و دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا هەبێت. بە واتایەکی تر دەبێت کار بۆ بەدەستهێنانی پشتیووانی ڕای گشتییش بکرێت. ئەوەندەی دەبینین پشتیووانی ڕای گشتی بۆ کۆبانێ دەستی پێ کردووە و بە تێپەڕبوونی کات فراوانتر دەبێت.
بۆچی دەبێت ڕای گشتی کار بکات؟ یەکەم: بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ؛ دووەم: کردنەوەی کۆریدۆرێکی هەمیشەیی لە نێوان کۆبانێ و جەزیرە؛ سێیەم: بۆ پاراستنی کۆبانێ دامەزراندنی چاودێری ئاسمانی نێونەتەوەیی. بۆ ئەمەش دەبێت هەوڵ بدەین. ئەگینا کۆبانێ هەمیشە لەژێر هەڕەشەدا دەبێت. هەربۆیە دەبێت دەستمان بۆ هەموو لایەنگرانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ درێژ بکەین، ویژدانی مرۆڤایەتی بێتە گۆڕەپانەکەوە، هەروەها دەبێت تێکۆشانێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم سێ خاڵە بەڕێوەبچێت.
لەم چوارچێوەیەدا بانگەواز دەکەم لە هەموو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕای گشتی. هەروەها بانگەواز دەکەم لە دەسەڵاتدارانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانیان. دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەندارێتی لە کۆبانێ بکات، کۆریدۆرێکی هەمیشەیی بکاتەوە و پارێزگاری دابین بکات، بەڵام بۆ ئەمەش دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان لە سەرانسەری جیهاندا بەجێبهێنین بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی لەو شێوەیە سەبارەت بە کۆبانێ.
دووبارە سڵاو لە هەموو گەلی کۆبانێ دەکەم.
لە بەرخۆدانەکانی حەلەبەوە، خاوەنداریکردنی گەل لە شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ بەرزترین ئاست هەڵکشا، ئەم دۆخە چۆن لێکبدەینەوە؟
پێشتریش ئاماژەم پێکردبوو، کە “لە بەرامبەر ئەم هێرشەدا ئێمە وەک گەلی کورد دەبێت یەکگرتوویی خۆمان و یەکێتی نەتەوەیی خۆمان نیشان بدەین بۆ ئەوەی لەم خاکانەدا چاوپۆشیمان لێ نەکرێت”. بۆچی؟ چونکە بەڕاستی گەلی کورد چاوپۆشی لێ کراوە. ئەوان نایانەوێت گەلی کورد جێگەی خۆی لەم دونیایە هەبێت. بۆیە هەموو دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ژێر هەڕەشەدایە.
وەک ئاماژەت پێدا، بەتایبەت لەم هەفتەیەدا لە چوار پارچەی کوردستان و بە پلەی یەکەم لە ئەورووپا-لە دەرەوەی وڵات، سەرهەڵدانی گەلەکەمان بەڕاستی جێگەی دڵخۆشییە. بە ڕێز و پێزانینەوە سڵاو لە گەلە بەڕێزەکەمان دەکەم. بەڕاستی بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، ئەو ڕۆحە نەتەوەییەی کە گەلەکەمان لە باکووری کوردستان و دەرەوەی وڵات نیشانی داوە، زۆر مانادار و گرنگە. هەم گەلی کورد و هەم لایەنەکان و هەم کەسانی ئینتەرناسیۆنالیست کە دۆستی گەلەکەمانن؛ دیسانەوە، بە تایبەت لە ٢-٣ ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی ناوازەیان گێڕا. باوەڕم وایە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گەشە دەکات. ئێستا بەشێک لە ئینتەرناسیۆنالیستەکان دەیانەوێت بڕۆنە ڕۆژئاوا. بە واتایەکی تر هەڵوێستی گەلەکەمان و دۆستانیان زۆر گرنگە. بەڵام گەنجەکانمان، چ لە باکووری کوردستان و چ لە ئەورووپا و چ لە تورکیا، دەبێت وریا بن لە ئاژاوەگێڕێ [ئیستفزازی شەڕی تایبەت]. دەبێت وریا بن لە فێڵ و فریودان. نابێت بەرانبەر هیچ کەسێک پەنا بۆ شێوازی ستەمکارانە ببەن. وەک گەلێک مافی خۆمانە. پێویستە بە خۆپیشاندان و پراکتیکی دیموکراسی مافی خۆمان پیشانی هەموو لایەک بدەین. پێویست بە توندوتیژی ناکات. پێویستە هەموو کەسێک لەم بابەتەدا بەرپرسیارانە مامەڵە بکات.
ڕێز و خۆشەویستیم بۆ گەنجانی باشوور دەرەبڕم؛ ڕۆحی سەردەمەکەن
ڕێز و سڵاو و خۆشەویستی تایبەتم بۆ گەنجان هەیە کە بەشداری سەفەربەری ڕۆژئاوا بوون، بە تایبەت گەنجانی باشووری کوردستان و ئەوانەی لە نسێبینەوە ڕۆشتنە ڕۆژئاوا. ڕۆحی سەردەمەکەن، پێویستە هەڵوێستی گەنجانی کورد بەم شێوەیە بێت. بۆیە دووبارە سڵاویان لێ دەکەم.
گەلەکەمان بەم هەڵوێست و چالاکبوونەوەیە و هەروەها بە ڕێگەی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا جددییەتی خۆی نیشان دا. هەروەها گەلی ڕۆژئاوامان وێڕای هەموو سەختییەکان بە هەڵگرتنی چەک لە دەوری هێزەکانی خۆیان کۆبوونەوە. بەڕاستی ئەمانە زۆر مانادارن و هەستی نەتەوەیی بەهێز دەکەن. ئەمە هەڵوێستێکی پیرۆزە. لەم هەڵوێستەدا هەموو کەسێک پەیامی هەیە بۆ جیهان و بۆ ئێمەیش، بە تایبەت پەیامە بۆ سیاسەتی کورد. چەندین درووشمی وەک ؛یەکە یەکە کوردستان یەکە، بەرزدەکرێنەوە. ئەم پەیامە پەیوەست بە یەکێتی نەتەوەیی تەعلیماتە بۆمان. وەک سیاسەتی کوردستان دەبێت ئەم تەعلیماتە جێبەجێ بکەین. لێرەوە لەسەر ناوی تەڤگەرمان بانگەوازی لە هەموو پارت، ڕێکخروا و کەسایەتییە کوردستانییەکان دەکەم گوێبیستی خواستی گەل ببن.
دەبێت کێشەکانمان بخەینە لایەک و یەکگرتووی خۆمان پێکبهێنین؛ خواست یەکێتی نەتەوەییە
لەم بارودۆخە مێژووییەدا پیلانڕێژییەکی نوێ لە دژمان هەیە. لە دیزانیکردنەوەی هەرێمەکەدا جارێکی دیکە نایەنەوێت جێگەیەک بۆ کورد هەبێت. گەر نیازی ڕۆڵی کورد هەبوایە ئەوا جێگەیان بە ڕۆژئاوا دەدا، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا ئەوەندە ڕۆڵی گێڕا و پێشکەوتووبوون. سیستەمێک کە لەلایەن گەلی کوردەوە دامەزرێندرابوو دە جار لە هەتەشە بەهێزتر بوو. ئەوەی هەبوو هەتەشە لە ئیدلیب سیستەمێکی دامەزراندبوو، گەلی کورد لە چوار هەرێم سیستەمێکی دیموکراتیکی دامەزراندبوو، کەچی ئەمە چاوپۆشی لێکرا. ڕوونە ئەمە سیاسەتێکە دژ بە هەموو گەلی کورد. جا بۆیە وەک سیاسەتی گەلی کورد گەر کێشەکانمان هەرچیەک بێت بیخەینە لاوە و لەم قۆناغە مێژووییەدا یەکگرتووی خۆمان بونیات بنێین. پیلانگێڕییەکی لەناوبردن لە دژمان هەیە و دەبێت لە دژی ئەم پلانە یەکگرتووبین. ئەمە داواکاری ئێمەیە؛ لەم قۆناغەدا کە هەستی نەتەوەییمان هەڵکشاوە، وەک سیاسەتی کورد ئەم قۆناغە بە یەکێتی نەتەوەیی تاجدار بکەین.
کۆتا پرسیار، دەتەوێت چی بڵێییت دەربارەی درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان قەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەر؟
پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت، دەمەوێت هەندێک لەسەر حکومەتی ڕاگوزەر ڕاوەستە بکەم. هەمیشە لێدوان دەدەن و زمانی لێدوانەکانیان هەمان زمانی دەوڵەتی تورکە. دەوڵەتی تورک هەرکاتێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر جێگەیەک دەڵێت، ‘پەکەکە لەو جێگەیە هەیە’ و پەکەکە دەکات بە پاساو. هەمیشە هەموو تاکێکی گەلی کوردی وەک پەکەکەیی دەبینێت. ئیدی ئەمە ڕوون و ڕەوانە. لە ئێستادا دەبینرێت ئەو کەسانەی دەڵێن نوێنەرایەتی حکومەتی دیمەشق دەکەین هەمان زمان بەکاردەهێنن. دیارە ئەمەش بۆ ئەوان باش نییە. دەوڵەتی تورک بە سیاسەتی ‘نیو عوسمانیی’ـەوە دەیەوێت سووریا بخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە و ئامادەکاری بۆ دەکەن.
بە پاساوکردنی پەکەکە لە ڕۆژئاوا، ڕێک زمانی دەوڵەتی تورکە
دیوەکەی دیکەی ئەمەیە؛ لە ئێستادا سیستەمێک کە ئەوان بۆ سێ پارێزگای جیاوازی سووریا پەسەندی دەکەن سیستەمێکی چۆنە؟ دەربارەی سووەیدا ڕاستە، ئەوە مافی گەلی دروزیەی، هیچ شتێک لە دژی ناڵێیین. بەڵام درعا هەیە، قونەیتەرە هەیە؛ لە ئیستادا ئەم جێگانە لەژێر ئیدارەی ئەحمەد ئەل-عەودۆدایە و دەوڵەتی سووریا لەو هەرێمە تەنها نووسینەگە دەکاتەوە. باشە مەگەر وێڕای هەموو ئەمانە تەنها حەسەکە سەرنجی ئەو دەبات؟ گەر بەڕاستی کەسێکی کەرامەتەداربن، ناتوانن بەم شێوە یەکلایەنییە مامەڵە لەگەڵ ئەم شتانەدا بکەن. مەگەر هێزتان بەس بەشی کوردان دەکات وا ئەوەندە زمان درێژییان بەسەرەوە دەکەن. بۆچی ناچنە ئەوێ؟ بە کورتییەکەی تا بڵێی خاوەن هەڵوێستێکی بێحورمەت و لاوازن. هەروەها درۆی زۆر دەکەن، زۆر بەڕوونی دەڵێم؛ بە هیچ شێوەیەک پەیوەندنی پەکەکە بە سووریا و ڕۆژئاواوە نییە. ئەوە پروپاگەندانەی دەڵێن کەسێک لە قەندیلەوە ڕۆشتووەتە ئەوێ تا دەستوەردان بکات، فڵان و نازانم چی، هەموو درۆیە. پەکەکە لە ئێستادا لە قۆناغێکی نوێدایە؛ کۆتایی هێناوە بە چالاکییەکان کە بەناوییەوە دەکرێن و لە قۆناغی گۆڕانکارییدایە. کەچی لە ئێستادا لەوێ باسی پەکەکە دەکەن. ئەمە ڕێک زمانی دەوڵەتی تورکە؛ باش لێی تێدەگەین. بەڵام مامەڵەکردنی دیمەشق وەک بریکار جێگەی شەرمەزارییە، پێویستە مرۆڤ خاوەن پرەنسیپی خۆی بێت.
دەربارەی ئاگربەست؛ نابێت ڕای گشتی ئەوەندەش باوەڕی پێبکات
دەمەوێت لە بارەی ئاگربەستەوە ئەمە بڵێم: ئاسایی تا ئێستا چەند جارێک ئاگربەستیان ڕاگەیاند و ئاسەواری نەما. ئەوەندەی ئاگادارین لە دێر حافر و حەلەبیش هەمان شت کرا. لەگەڵ ئاگربەستدا یەکسەر هێرشیان کرد. لێرەوە دەڵیم، با گەل ئەوەندەش باوەڕ بە ئاگربەستی ١٥ ڕۆژە نەکات. هەڵبەتە باشە گەر بکرێت. وەک سیاسەتی کورد خواستمانە گەلی کورد بە ناسنامەی خۆیەوە لە سووریادا جێگەی هەبێت. پشتگیری لە ئاشتی دەکەین و شەڕمان ناوێت. ڕاستیی؛ هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەییمان نییە، بەڵام وەک گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لەمە دەکەین. لە ئێستادا هەموو گەلی کورد پشتگیری لەمە دەکات. سووریایەکی بێ کورد نابێت، دەبێت ئەم ڕاستییە ببین و دەستبەرداری گوشار و هێرش ببن.
پاراستنی هیوای شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکی مرۆڤایەتییە
کەچی دەبینین لە ئێستادا وەک شەڕێکی دەروونی جار دوای جار ئاگربەست ڕادەگەیەنن. جا بۆیە نابێت گەلەکەمان و ئەو هێزانەی لەوێن پشتی پێ نەبەستن و ساردنەبنەوە لە پاراستنی خۆیان. دەبێت ڕێکاری خۆیان بگرنەبەر. لە ئێستادا شێوازگەلی زۆری شەڕی تایبەت بەکاردەهێندرێت. هەموو کەسێک لایەنگری ڕۆژئاوایە، نابێت دۆستان و ئەنتەرناسیۆنالیستەکان چالاکییەکانیان بوەستێنن. بۆچی؟ هەرخۆی لە لێدوانی حکومەتی هەتەشەدا ڕوون نییە کە ئاگربەست بۆ چارەسەرییە. چی دەڵێت؟ دەڵێت، ‘ئەمریکا بۆئەوەی زیندانیانی داعش بباتە سووریا، کاتی لێ خواستووین. بۆیە ئاگربەستمان بۆ ١٥ ڕۆژ درێژکردەوە.’ یانی ڕوونە نیازەکە ئەوەیە دوای ئەم ماوەیە هێرشەکان دەست پێدەکەنەوە و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدەن. خودی خۆیان بە ئاشکرا دەڵێن هێرش دەکەین. یانی زۆر بە ڕوونی دەڵێن، ‘کۆمەڵکوژی لەوێ ئەنجام دەدەین’. چەندین هاووڵاتی کورد لە دەوروبەرەوە ڕوویان لە کۆبانێ و قامیشلۆ کردووە؛ لە ئێستادا هەتەشە دەڵێت هێرش دەکەینە سەر ئەو جێگانە. ئەم هێرشانە کە ئەمریکا، دەوڵەتی تورک و سعودییە ئەوەندە پشتگیری لێ دەکەن ،مانای چییە. جا بۆیە پێویستە هەموو کەسێکی خاوەن وێژدان لە دژی ئەمە بوەستێتەوە و هەڵوێست وەرگرێت و لە دەوری ڕۆژئاوا کۆببێتەوە. بۆ ئەوەی کوشندەترین هێرشی ئەم چەتانە بدرێتەوە و شۆڕشی ڕۆژئاوا بگات بە سەرکەوتن دەبێت بەرگریکارانی ڕۆژئاوا و گەلەکەمان ئامادەکاری تەواو بکەن. شۆڕشی ڕۆژئاوا هیوایە، هیوای گەلی کوردە؛ هیوای ئازادی و دیموکراسیی هەموو جیهانە. لە کاتێکی لەم شێوەیەدا دەبێت لە دەست بەم هیوایەوە بگرین. ئەم هیوایە بگۆڕین بۆ حەقیقەت و بیگەینین بە سەرکەوتن. ئەمە ئەرکێکە و دەکەوێتە ئەستۆی مرۆڤایەتی.
بەم هیوا و باوەڕییەوە جارێکی دیکە سڵاو لە گەلی ڕۆژئاوامان و شەڕڤانان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
