دوای کۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرکردەکانی لە نووسینگەی هادی عامری، “چوارچێوەی هەماهەنگی” بە فەرمی کاندیدکردنی نووری مالکی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ شەممە (٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) بڵاوکرایەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری کاندیدکردنی مالکی بە زۆرینەی دەنگی سەرکردەکان دراوە، ئەمەش وەک کاندیدی “گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی”.
چوارچێوەی هەماهەنگی هۆکاری هەڵبژاردنی مالکی بۆ ئەم پۆستە گەڕاندووەتەوە بۆ “ئەزموونە سیاسی و کارگێڕییەکەی و ئەو ڕۆڵەی لە ڕابردوودا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هەیبووە”. لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵاتە.
هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پەرۆشی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە نیشتمانییەکان نیشانداوە بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتێکی “بەهێز و کارا”، کە بتوانێت خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات و ڕووبەڕووی تەحەدییە ئەمنییەکان ببێتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە بەپێی وادە دەستوورییەکان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ساز بکات، بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ دەست پێ بکەن.
