شاندی باڵای یەکێتی بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوری مالکی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، دەبێت حکومەتی داهاتوو کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات .
لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خالید شوانی و یوسف گۆران، لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا. شاندی یەکێتی دید و روانینی یەکێتی بۆ داهاتووی عێراق و حکومەتی نوێ خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە کێشە و تەحەداکانی بەردەم عێراق و دۆخی ئابووری و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، روونی کردەوە، کە پێویستە هەموو لایەنە عێراقییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە لە ئاست قۆناغەدا بێت و بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت و لەڕووی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریشەوە هەنگاوی گەورە بنێت.
جەختیشی کردەوە، کە دەبێت حکومەتی داهاتوو کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و هەرێم و بەغدا پێکەوە هاوکاربن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.


