عەبدوڵا ئۆجەلان: ئەگەر چارەسەری دیموکراتیک دوابخرێت، کودەتا و جیهادیستەکان ناوچەکە دەگرنەوە
پەرلەمانی تورکیا دوای دوو مانگ، ناوەڕۆکی دیداری شاندی پارتەکانی (دەم پارتی، ئاکەپە و مەهەپە)ی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە، کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە زیندانی ئیمرالی ئەنجامدرابوو، میدیای نزیک لەو پارتە دەقی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردۆتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان لەو دیدارەدا هۆشداری داوە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دیزاینکردنەوەیەکی نوێ دەچێت و جەختی کردووەتەوە کە “نابێت پێگەی قەسەدە لە هاوسەنگییە سەربازییە کاتییەکاندا پشتگوێ بخرێت.”
ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە، کە دواخستنی چارەسەری دیموکراتیک دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دیکتاتۆریی نوێ و وتی: “گەر چارەسەری دیموکراتیک دوابخرێت یان کۆتایی پێبهێندرێت، ئەوا قەیرانەکان لە ناوچەکە قوڵتر دەبێتەوە، کودەتا ڕوودەدات و لایەنە جیهادیستییەکان بەهێزتر دەبن.”
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان تیشکی خستووەتە سەر ململانێی زلهێزەکان و ڕایگەیاندووە:
پڕۆژەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران دەیانەوێت جیۆپۆلەتیکی کورد بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژی خۆیان بەکاربهێنن.
پێویستە کورد لە هەردوو پڕۆژەی (پەیمانی ئیبراهیمی ئیسرائیلی) و (پڕۆژەی شیعی ئێرانی) دوور بکەوێتەوە.
“دەوڵەتی کورد” کە لەلایەن هەندێک لایەنەوە داوا دەکرێت، بۆ ئازادیی گەلان نییە، بەڵکو وەک ئامێرێک بۆ سیستەمی هەژموونگەرای نوێی ناوچەکە بەکاردەهێنرێت.
ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە تەنها بێدەنگکردنی چەکەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت کۆتایی بە زهنییەتی دوژمنایەتی بهێنرێت.
سەبارەت بە سووریاش دەڵێت “ئەگەر لە سووریا دیموکراسی هەرێمی دروست نەبێت، ڕژێمێکی دیکتاتۆریی نوێ دروست دەبێتەوە.” ئەو پێیوایە چارەسەریی مەزهەبی ناتوانێت ئارامی هەمیشەیی بۆ سووریا دابین بکات.
لە کۆتاییدا، عەبدوڵا ئۆجەلان ئەم قۆناغەی بە مێژوویی ناوبردووە و ڕایگەیاندووە “تا لە تورکیا چارەسەری دیموکراتیک دروست نەبێت، سیستەمی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بونیاد نانرێت، بەپێچەوانەشەوە، تا ناوچەکە دیموکراتیک نەبێت تورکیا سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.”
