شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بەفر زۆربەی ناوچەکان سپی پۆش بکات و کاریگەریی شەپۆلەکە بگاتە ناوەڕاستی عێراقیش.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی، لە نوێترین پێشبینیدا ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان سات بە سات لە کاریگەریی شەپۆلێکی چڕی بەفر و بارانبارین نزیک دەبێتەوە. لە ئێستادا هەورە چڕەکان گەیشتوونەتە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان، پارێزگای ئەنبار و تەواوی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، و باران و بەفر لەو شوێنانە دەستی پێکردووە.
بەپێی پێشبینییەکان، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلەکە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلێکی چڕی بەفربارین ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان و تەواوی دەشتاییەکانی هەرێم بکات.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی ئاماژەی بەوە داوە، کە لە درەنگانی ئەمشەو (پێنجشەممە لەسەر هەینی) تاوەکو پێش نیوەڕۆی سبەی هەینی، زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرگێکی سپی دەپۆشن.
ئەم شەپۆلە تەنها هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکو پێشبینی دەکرێت بەفربارین بگاتە بەشێک لە پارێزگای تکریت و دیالە، هاوکات بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار، و هەندێک لە ناوچەکانی باکووری بەغدا.
