سهرۆكى پارتى ئازادى كوردستان (پاك) ئامادهیى خۆیىو هێزهكهى ڕاگهیاند، بۆ چونه ناو ڕۆژئاواى كوردستان، دهشڵێت، “دیمەشق داخی شورەیی دۆڕاندنی ڕووبەرێکی زۆری خاکی سوریا بەئیسرایل، بەکورد دەڕێژێ و بەنیازە ئابڕوی تکاوی، بەڕژانی خوێنی کورد بکڕێتەوە”.
حسێن یەزدانپەنا، سهرۆكى پارتى ئازادى كوردستان (پاك)و هاوكات فەرماندەی گشتیی سوپای میللیی کوردستان ڕاگهیهنراوێكى بڵاوكردهوه و ڕایگەیاند، “ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد! ڕۆژاوای کوردستان لەسێبەری ڕێککەوتن و پیلانێکی نێودەوڵەتی لەچەشنی ئۆکتۆبهری 2017ی باشووری کوردستان؛ کەوتوەتەبەر هەڕەشەی پەلامارو قڕکردن”.
باسی لەوەشکردووە، “دیمەشق داخی شورەیی دۆڕاندنی ڕووبەرێکی زۆری خاکی سوریا بەئیسرایل، بەکورد دەڕێژێ و بەنیازە ئابڕوی تکاوی، بەڕژانی خوێنی کورد بکڕێتەوە، وا دیارە تۆم باراکی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، دەربەستیی و بەرپرسیارێتیو بایەخە ئەخلاقییەکانی بەکۆمەڵێک بەرژەوەندیی گۆڕییوەتەوە کە لەکۆتاییدا ناوبانگی وڵاتەکەشی خەوشدار دەکات”.
یهزدانپهنا ئهوهشى وتوه، “کەوتن و داگیرکرانی ڕۆژئاوای کوردستان، بێجگەلەوەی دۆخی قەڵاچۆی کورد پێکدێنێ، ئاسایشی نەتەوەیی کورد دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە لەم چرکەساتەدا، تەنها ڕێگهی بەرپەرچەدانەوە، جارێکی دیکەش بەرەنگاریی و بەرخۆدانی نەتەوەیی یان کوردستان یان نەمان و نارەتەی دلێرانەی ئەی ڕەقیبە!”.
لهكۆتاییشدا جهختدهكاتهوه، “هەربۆیە بڕیاری سوپای میللیی کوردستان بۆ بەشداریی لە هەڵگرتنی ئەو ئەرکە نەتەوەییە ڕادەگەیەنم، فەرماندەیی سپای میللیی کوردستان بەپەرۆشەوە بەپەلەو بێ دواکەوتن دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پهیوەندییدارەکان بۆ چۆنێتی پەڕینەوە و گەیشتن بەهێڵەکانی بەرگریی ڕۆژئاوای نیشتمان”.
