ڕێککەوتنی شەرع – عەبدی: عەقڵی سەرکردایەتی و کێشەی زیاد لە پێویست گەشبینبوون

ئەبوبەکر کاروانی
ڕێککەوتنەکەی شەرع – عەبدی کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆدا هێنا، گووتار و دەنگ و هەستی زاڵ گەشبینی زۆر و وەسفکردنی هەنگاوەکە بوو بە مێژوویی؟! گەشبینیەکە لای هەندێ کەس و ناوەند دەتوانم بڵێم گەیشتە ئاستی جۆرێك لە خۆشباوەڕی، ڕەنگە مرۆڤ بە ئاسانیش بتوانێت هەندێ ڕەگی هەست بە کەمیکردنی مرۆڤی کورد کە لەژێر زەبری چەوسانەوەو هەست بە سووکایەتیپێکردنێکی مێژوویی دوورودرێژ دووچاری بووە، لەم میانەدا هەست پێ بکات، دەنا لەگەڵ رێزگرتنمان لە خەبات و قوربانیدانی کوڕان و کچانی ڕۆژئاوا، دۆخەکە لەوە ئاڵۆزترە و پرۆسەی بەدیموکراتیزەکردنی سووریا ئاستەنگی لەوە گەورەتری لەپێشدایە، زیاد لە پێویست بە ئاییندەی ڕەوشەکە گەشبین بین. ئەمە جگە لەوەی سووریا وەك قەوارەیەكی سەرهەڵداوی چوارچێوەی سایکس بیکۆ، هێندەی قەوارەی نێودەوڵەتیەو ئەندامێتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتوویەتیەوە، بەو ئەندازەو بە واتای وشە دەوڵەت نیە، مەرجی بوون بە دەوڵەتیشی تێدا لاوازە. دۆخەکەش لە ئێستادا بەڕووی زیاد لە ئەگەرێکدا کراوەیە لەوانەش کەوتنە ناو هەڵقەیەکی تری شەڕی ناوخۆ و بەهێزبوونی پایەکانی فۆرمێکی نوێ لە سیستمێکی دەسەڵاتخواز.
لە دۆخێکی لەو جۆرە وێرانەو وڵاتێکی تازە هاتووە دەر لە جەنگێکی ناوخۆی وەحشیگەرانەدا (کە ناشزانرێت تەواو بووە یان نا) عەقڵی سەرکردایەتی نابێت سەقفی چاوەروانی جەماوەرو ڕای گشتی بەرامبەر هیچ هەنگاوێکی لەم جۆرە زیاد لە پێویست بەرزکاتەوە، یاخوود مامەڵەی پڕوپاگەندانەی لەگەڵدا بکات چونکە دەکرێت لە حاڵەتی پێچەوانە دەرچوونیدا، جۆرێك لە نائومێدی و شڵەژان و بێمتمانەیی بە سەرکردایەتی بەدواوە بێت، بۆیە دەبێت ڕێك بە پێچەوانەوە، گەشبینییەکە هووشییارمەندانە بێت، داوا لە هێزەکان و جەماوەرو ڕای گشتی بکرێت بە هووشیارییەوە چاودێری بارودۆخەکەو ئەگەری تێکچوون و پاشەکشە لە هەنگاوەکان بکەن و بە ئەرکە مەیدانییەکانیان هووشیار بن.
لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەکانی ڕێککەوتنەکە، خوێندنەوەی مێژووی بیست ساڵی ڕابردووی ناوچەکەو واقیعی دوای (٧)ی ئۆکتۆبەر و ئەزموونی کۆماری تورکیاو زۆر شتی تری دەوێت، چونکە ئەگەر کورد لە هەندێ ڕووەوە بکەر و خاوەندید و داوا بێت، لە هەندێ ڕووی ترەوە بابەتی سازشی هەندێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانە.
بەداخەوە ئەم ماوەیەو تائێستا بەهۆی هەندێ دۆخی تایبەت بەخۆمەوە نەمتوانی بەدرێژی قسە لەسەر هەندێ لە بکەرەکانی پشتی ڕێککەوتنەکەو پێوەرەکانیان و ئاستی هەلپەرستیان بکەم. بەڵکو لە داهاتوودا بتوانین هەندێ لەو ئەرکە جێبەجێ بکەین.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە