ئەنکەرە؛ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات و ڕایدەگەیەنێت” کە تورکیا ڕێگە بە تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی لە سووریا نادات”.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکی نوێدا زنجیرەیەک پەیامی گرنگی سەبارەت بە داهاتووی سووریا و ڕێککەوتنە سەربازییەکانی دوێنێ ڕاگەیاند. ئەردۆغان جەختی کردەوە کە سووریایەکی یەکگرتوو کە یەکپارچەیی خاکەکەی پارێزراو بێت، مەرجێکی حەتمییە بۆ گەشەسەندنی ناوچەکە.
سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کە بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە (ئەحمەد شەرع) کردووە بۆ سەرکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە هەفتەی ڕابردوو دەستی پێکرد و دوێنێ بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و تێکەڵبوونی تەواوەتی هێزەکان کۆتایی هات. ئەردۆغان وتی: “سوپای سووریا بە وردییەکی هاوشێوەی نەشتەرگەری مامەڵەی کرد بۆ ئەوەی زیان بە مەدەنییەکان نەگات، ئەمەش شایەنی هەموو ستایشێکە.”
ئەردۆغان لە پەیامێکدا بۆ گەلی سووریا وتی “لە بیرتان بێت، سووریا هی سوورییەکانە؛ هی هەمووانە بەبێ جیاوازی، چ عەرەب و تورکمان بن، یان کورد، عەلەوی، سوننە و درووز.”
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم لە کولتووری ئەواندا نییە و مێژووی تورکیا لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بونیاد نراوە.
سەرۆککۆماری تورکیا مەرجی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری سووریا خستە ڕوو و ڕایگەیاند، پێویستە بنەمای ‘یەک دەوڵەت و یەک سوپا’ جێگیر بکرێت، و تورکیا پاڵپشتی هەر هەنگاوێک دەکات کە ئەم بنەمایە بچەسپێنێت، ئێستا حکومەتی سووریا بە دانوستان کێشەیەکی گەورەی چارەسەر کرد کە دەبووە مایەی فیتنە.
ئەردۆغان دووپاتی کردەوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا بۆ (شەرع) پشتڕاستی کردووەتەوە، کە تورکیا لە شەڕی دژی تیرۆر، بەتایبەتی دژی داعش، لە تەنیشتیان دەوەستێت. وتیشی “چۆن دوێنێ گەلی سووریامان بەتەنیا جێنەهێشت، سبەینێش بەتەنیایان جێناهێڵین و ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک ئەم پڕۆسەیە تێکبدات.”
لە کۆتاییدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا تێوەنەگلاوە لە هیچ ململانێیەک بۆ دەستکەوتی هەرزان، بەڵکو داکۆکی لە برایەتی و عەقڵانییەت دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئازارانەی ساڵانێکی زۆرە بەرۆکی گەلانی ناوچەکەی گرتووە.
