نێردە تایبەتەکەی ترەمپ دەستەواژەی “میلیشیا” بۆ گروپەکانی حەشدی شەعبی بەکاردەهێنێت و جەختیشی لە پاراستنی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوومان لەگەڵ تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، و جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر سەر بە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەنجامدا، کە تێیدا کۆمەڵێک پرسی زۆر گرنگمان تاوتوێ کرد.
وتیشی: “گفتوگۆکانمان دەربارەی ڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بوون کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن لەگەڵ ئەو تۆڕانەی پەیوەندییان پێیانەوە هەیە”.
هەروەها دەڵێت: “جەختمان کردەوە لەسەر گرنگی پاراستنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بنیادنان لەسەر ئەو دەستکەوتانە، بەتایبەتی لە بواری پاراستنی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت”.
مارک ساڤایا ڕاشیگەیاند، لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا، پابەندبوونی تەواوی خۆم دووپات دەکەمەوە بۆ ئاشکراکردن و بەدواداچوونی هەر سەرپێچییەک لە هەر شوێنێک بێت و چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و دەستەبەرکردنی ئاسایشەکەی، بەجۆرێک کە خزمەت بە سەروەری عێراق و خۆشگوزەرانی گەلی عێراق بکات”.
سەرلەنوێ دووپاتیشیکردەوە کە “گەلی عێراق، عێراق دووبارە مەزن دەکاتەوە”.

