مەسعود بارزانی و نوێنەری ترامپ دۆخی سووریا و مافەکانی گەلی کورد تاوتوێ دەکەن
ڕۆژی شەممە، ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە پیرمام، مەسعود بارزانی پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، تۆم باراک سڵاو و ڕێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە مەسعود بارزانی گەیاند. نوێنەرەکەی ترەمپ پێزانینی زۆری هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی مەسعود بارزانی لە پڕۆسەی ئاشتی و هێوەرکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریادا گێڕاویەتی.
هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دواین گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی سووریا کرد و جەختیان لەوە کردەوە، کە تەنها ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنابردنە بۆ دیالۆگ، لێکتێگەیشتن و گرتنەبەری شێوازی ئاشتیانە، دوور لە توندوتیژی.
لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی سوپاسی هاوکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد بۆ لایەنەکان لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیرانی سووریا. هەروەها بە شێوەیەکی بڕاوە جەختی لەوە کردەوە کە: “پێویستە لە داهاتووی سووریادا، تەواوی مافەکانی گەلی کورد گەرەنتی بکرێن و پارێزراو بن.”
