وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتی و فرەنەتەوەیی و فرەئایین دەکاتەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت و دەشڵێت: شانازی دەکەین لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا بەشێكین لە چارەسەر.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ سووریا ڕایگەیاند، مەزڵوم عەبدی و تۆم باراک لە پیرمام لەگەڵ مەسعودر بارزانی کۆبوونەتەوە؛ ئێوارەی ئەمڕۆش، لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.
ڕِاشیگەیاند، “ئێمە پێمان وایە سووریای تازە، دەبێت لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیانەی فرەنەتەوەیی، فرەئایینی و فرەمەزهەبی بێت و جێگەی هەمووانی تێدا ببێتەوە.”
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشدا “ئێمە شانازی دەکەین کە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا، نەک بەشێک نین لە ئاڵۆزییەکان، بەڵکو بەشێکین لە چارەسەرەکان.” هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی ئاسانکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان کردەوە و وتی، “ڕۆڵی ئاسانکاری و بە یەک گەیاندن دەبینین.”
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی كاتی سووریا دا و ڕوونیکردەوە “ئەم پەیوەندییەش لە هەمان چوارچێوەی هەوڵەکاندا بووە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سووریا.”
سەبارەت بە مافی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، “ئەوەی گرنگە مافی براکانمانە لە ڕۆژئاوا.”
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 17ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا؛ گەیشتنە هەولێر.
