محەمەد کەلاری: شەپۆلێکی توندی سەرمای جەمسەری لە ڕێگەیە؛ پلەکانی گەرما دەگەنە ١٦ پلە ژێر سفر
محەمەد کەلاری، شارەزای کەشناسی، هۆشداری دەدات لە هاتنی نزمەپاستانێکی دەریای ناوەڕاست و بارستە هەوایەکی جەمسەریی زۆر سارد بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی بەفر و باران و شەختەیەکی توند لە زۆربەی ناوچەکان.
بەپێی پێشبینییەکانی محەمەد کەلاری، ڕۆژی یەکشەممە (١/١٨) شەپۆلەکە لە دهۆک و زاخۆوە بە باران و بەفری تێکەڵ دەستپێدەکات و شەو دەگاتە سۆران و باڵەکایەتی.
ڕۆژی دووشەممە (١/١٩): ئەگەری بەفربارین لە (سۆران، پیرمام، شەقڵاوە، مێرگەسۆر، پێنجوێن و قەڵادزێ) هەیە. هەروەها هەولێر و سلێمانی و کەرکوک کڕێوەبەفر و نمەبارانیان دەبێت.
ڕۆژی سێشەممە (١/٢٠): سەرماکە دەگاتە لوتکە و ئەگەری بەفربارینی کەم لە سەنتەری شارەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و ڕاپەڕین) هەیە.
محەمەد کەلاری جەخت دەکاتەوە، کە چەقی هێزی سەرماکە لە ڕۆژی سێشەممەدا دەبێت و پلەکانی گەرما بەم شێوەیە دەبن:
لە باڵەکایەتی: پلەی گەرما لە شەودا دەگاتە (١٦- پلەی ژێر سفر).
لە ناوچە شاخاوییەکانی تر: لە نێوان (٩- بۆ ١٢-) پلەی ژێر سفر دەبێت.
لە سەنتەری شارەکان: لە شەودا پلەی گەرما دادەبەزێت بۆ (٢- بۆ ٩-) پلەی ژێر سفر.
بەهۆی توندیی شەپۆلەکە و دروستبوونی شەختەیەکی زۆر، محەمەد کەلاری هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و پێشنیار دەکات لە ڕۆژی سێشەممەدا (١/٢٠) پشووی ناوەندەکانی خوێندن ڕابگەیەنرێت بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان لەو سەرما توندە.
بڕی پێشبینیکراوی بەفر و باران:
دهۆک: ٢٤ ملم
سۆران: ١٦ ملم (٣-٥ سم بەفر)
سلێمانی: ٦ ملم (١-٢ سم بەفر)
هەڵەبجە: ٩ ملم (٢ سم بەفر)
هەولێر و کەرکوک: ٧ ملم و کڕێوەبەفر.
